وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە: ئەمڕۆ دووشەم فەتحی مودەڕیس راوێژکاری پەیوەندییەکانی وەزارەت لەگەڵ باڕباڕا ئابێل بەرپرسی پەیوەندییە ئابوورییەکان لە ژووری بازرگانی ئەمەریکی كۆبووەتەوە.
بڵاویشی كردەوە: لە كۆبوونەوەكەدا چەند بابەتێكی پەیوەندار بە ڕەوشی ئابووری هەرێم و ئەمەریکا باسی لێوە کرا، یەكێك لە گرینگترین ئەو پرسانەش بابەتی ناردنی بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بوو بۆ ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
ئاماژەی بەوەش دا: چەند کۆمپانیایەكی ئەمریکی لە ڕێگەی ژووری بازرگانی ئەمریکییەوە داوایان کردووە لە زانیاری زیاتر لەبارەی ژینگەی بزنس و پڕۆژەکان لە هەرێمی كوردستان بزانن و هەوڵ بدەن بە کاراکردنەوەی پەیوەندی لە بوارەکانی پیشەسازی خۆراک و هەناردەکردنی بەروبووم بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
لە ماوەی رابردوودا بە هەوڵی راستەوخۆی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند بەرهەمێكی خۆماڵی جوتیارانی هەرێمی كوردستان كە گرینگترینیان هەنار و پەتاتە و سێو و هەنگین و تەحین بوون، رەوانەی وڵاتانی كەنداو و دەرەوە كران، جوتیاران بەو هەوڵانەی حكوومەتی هەرێم دڵخۆشبوون و داوایان كرد هەوڵەكان بەردەوامبن بۆ ئەوەی بەرهەمی زیاتر رەوانەی وڵاتانی كەنداو و دەرەوە بكرێن.