دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دیاریکرد

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژى 10ـی حوزەیرانی ئەمساڵ به‌ واده‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى گشتى بۆ خولى شه‌شه‌مى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان دیاریکرد.

ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌، 03-03-2024، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، “نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، فه‌رمانى هه‌رێمى بۆ دياريكردنى ڕۆژى هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستان واژۆ كرد”.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “له‌ فه‌رمانه‌كه‌دا پاڵپشت به‌ بڕگه‌ى (دووه‌م) له‌ مادده‌ى (ده‌يه‌م) له‌ ياساى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 2005ى هه‌مواركراو، نێچيرڤان بارزانى بڕيارى داوه‌ به‌ دياريكردنى ڕۆژى 2024/6/10 به‌ واده‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى گشتى بۆ خولى شه‌شه‌مى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان”.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە، به‌پێى فه‌رمانه‌كه‌ هه‌موو لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان پابه‌ند ده‌بن به‌ ئه‌نجامدانى كارى پێويست بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كۆمسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م فه‌رمانه،‌ هه‌ر ئه‌مڕۆش له‌ ڕۆژى ده‌رچوونييه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەند جارێک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەی دواخستووە. دواهەمین وادەش، رۆژی 25ـی شوباتی رابردوو بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق نەیتوانی لە کاتی خۆیدا، ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکە تەواو بکات، کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە جارێکی دیکە دواخرا.

بە گوێرەی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، کە رۆژی چوارشەممە، 21-02-2024، دەریچوواندوون، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش دەکرێت و ژمارەی کورسی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە دەکرێنە 100 کورسی.