دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

سندووقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ حکومەتی عێراق: نرخی نەوت داببەزێت تووشی قەیران دەبن

سندووقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداری بە عێراق دەدات لە ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت؛ ئابوورییەکەی دووچاری قەیران دەبێت.

لە دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا داوا لە عێراق دەکات کار لەسەر زیادکردنی هەناردەی بەرهەمە نا نەوتییەکان بکات، بەپێچەوانەوە لە ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت ئابوورییەکەی توشی قەیران دەبێت.

سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەش کردووە، تێکڕای هەناردەی نا نەوتی عێراق لەساڵی 2023 تەنها لە سەدا شەش بووە، کەمبوونەوەی پشتبەستنی عێراق بە نەوت پێویستی بە چاکسازی گەورەی داراییە.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەگوێرەى ئامارەکانى کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ)؛ لە ساڵى 2023 عێراق یەک ملیار و 232 ملیۆن و 170 هەزار و 294 بەرمیل نەوتى هەناردە کردووە، تێکڕاى هەناردەکردنى رۆژانەى نەوت لەو ساڵەدا سێ ملیۆن و 375 هەزار و 809 بەرمیل بووە.

بەپێی ئامارەکە، زۆرترین هەناردەکردنى نەوت لە مانگى تشرینى یەکەمى 2023 بووە، کە 109 ملیۆن و 545 هەزار و 589 بەرمیل نەوت بووە. بەگوێرەى ئامارەکان؛ داهاتى نەوتى هەناردەکراوى عێراق لە ساڵى 2023، 97 ملیار و 522 ملیۆن دۆلار بووە، کە بە نرخى فەرمیى دۆلار بەرامبەر بە دینارى عێراقی دەکاتە 126 تریلیۆن و 778 ملیار و 600 ملیۆن دینار.