گرووپێکی نزیکی پەکەکە هێرشی کردە سەر ڕێوڕەسمی ساڵیادی کۆچی دوایی بارزانیی نەمر لە سووریا

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەھۆی بەرزڕاگرتنی ساڵیادی کۆچی دوایی بارزانیی نەمر گرووپێکی نزیک پەکەکە ھێرش دەکاتە سەر ئۆفیسی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا ئاگر لە کەل و پەلی ئۆفیسەکە بەردەدات، ئەمە لە کاتێکدایە ئەم گرووپە چەندین جار ئاڵای کوردستانی سووتاندووە و بەردەوام دژی بۆنەکانی گەلی کورد وەستاوەتەوە.

لە کاتی ئەنجامدانی چالاکی بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٤٥ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی بارزانیی نەمر لە کۆبانێ، گرووپێک بەناوی گەنجانی شۆڕشگێڕی سەر بە پەیەدە ھێرشیان کردە سەر چالاکییەکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا ئەنەکەسە و سووکایەتییان بە ئاڵای کوردستان و سیمبولی کوردان کرد، ھەروەھا ھەموو کەلوپەلی ناو ئۆفیسەکەیان شێواند.
نۆ ڕێکخراو و لیژنەی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە سووریا ھێرشکردنە سەر ڕێوڕەسمی ساڵیادی کۆچی دوایی بارزانیی نەمر لە شارەکانی کۆبانێ و دەربێسیێی ڕۆژئاوای کوردستان سەرکۆنە دەکەن.
ھەر یەکە لە لیژنەی کورد بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سووریا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە سووریا، ڕێکخراوی بەرگری لە زیندانیانی ڕا لە سووریا، ڕێکخراوی کوردی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سووریا، سەندیکای گشتی نووسەران و ڕۆژنامەنووسانی کورد لە سووریا، ڕێکخراوی ژنانی کوردی ئازاد، ھێزەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان، ئەنجوومەنی ئێزیدی سووریا و لیژنەی مافی مرۆڤ لە دیداری دیموکراتی نیشتمانی لە سووریا، لە ڕاگەیەندراوێکی ھاوبەشدا ھێرشکردنە سەر ڕێوڕەسمی ساڵیادی کۆچی دوایی بارزانیی نەمریان سەرکۆنە کرد.
جەختیش لەوە کراوەتەوە، ڕێبەری مێژوویی کورد بارزانیی نەمر، ڕەمزێکی گەورەی نەتەوەییە لە نێو گەلی کورد لە سووریا، بۆیە ھێرشکردنە سەر مەڕاسیمی یادی ٤٥ ساڵەی کۆچی دوایی، بە توندی سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین و ئەو کارە تێکدەرەی چالاکوانەکانی سەر بە پەیەدە ئەنجامی داون، پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤە.
بەرپرسانی ئەنەکەسە لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەڵێن: گرووپەکانی نزیک لە پەکەکە بەردەوام ھێرش دەکەنە سەر بارەگاکانمان و، خەڵکی ئێمە بێزار دەکەن، ئەندامانیان دەستگیر دەکەن، لە کۆبانێ بە دار و بەرد دەستیان کرد بە لێدانی لایەنگرانی ئێمە کە ئەو یادەیان دەکردەوە، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی کە ژمارەیەک بەشداربووی مەراسیمەکە بە سەختی بریندار ببن و ھەروەھا کەرەستە و ئاڵا و وێنەی شەھیدانیان لەناو بارەگاکە سووتاند، ھەتا پارە و مۆبایلیان لە ژمارەیەک کەس بە زۆر برد ئەو کردەوانەش جێگەی قبووڵکردن نین.

ھەواڵی زیاتر