یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

لە دهۆك كتێبی “هزر و فەلسەفا ڕێبازا بارزانیی، د گۆتنێن بارزانیی نەمردا”ناسێندرا

دوێنێ، بە ئامادەبوونی فازل میرانی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و ژمارەیەكی بەرچاو لە بەرپرسانی حزبی و حكوومی، ڕۆشنبیر، نووسەر، ڕۆژنامەنووسان كتێبی “هزر و فەلسەفا ڕێبازا بارزانیی، د گۆتنێن بارزانیی نەمردا”لە نووسینی ( عەبدولعەزیز موحسین بارزانی) ناسێندرا.

مەراسیمەكە بە خولەكێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان و سەروەریان بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشەلەیاد لەگەل مارشی ئەی ڕەقیب دەستیپێكرد.
د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان وێڕای پەیڤی بەخێرهێنان، بەناوی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، گوتی: بارزانیی نەمر ئەو ڕێبەرە نەتەوەییەی بەنێو مێژوودا هاتوو و قوڵایی مێژووی كۆكردەوە بۆ ئەوەی ئەمڕۆیەك دروست بكات، کە پڕە لە بەرهەمداری، دوای ئەوەی كە ئەمڕۆی لە شۆڕش و لە هزری نیشتمانی و لە ڕێككەوتنی بەرهەمدار لەگەڵ بەغدا و ئاشتی كۆمەڵایەتی، ئاشتیی سیاسی و پێكەوەژیان و ژینگەپارێزی و یەكسانی و عەدالەت، بە كۆمەلێك چرا ڕێگای بەیانیەكی بۆ ئێمە دروستكرد، تا لە سایە و سێبەریدا بەردەوامبین لەپێناو خەبات بۆ نەتەوەیەكی هەڕەشە لەسەر و نیشتمانێكی پڕ ئاریشە و ئایندەیەكی پڕ لە ئەرك، ئێمە ئەمڕۆ قسە لە ڕێبەرێكی نەتەویی دەكەین، كە كاری كرد بۆ ئەوەی تاریكیەكانی زەمەنی خۆی بخاتە نێو كۆمەلێك ڕووناكی و دەستی نەوەكانی بگرێت بۆ پەڕینەوەی ئامانجە گەورەكانی نیشتمان.
لە كۆتایی وتەكانیشیدا گوتی: ڕێبازی بارزانی ڕێبازی ژیان و ئازادییە، دەمانەوێت سەرنجتان بۆ چەمكی ژیان ڕابكێشین، كە خەباتی بارزانی بەتەنیا خەباتی نیشتیمانی و نەتەوەیی لە ئەستۆ نەگرتووە بە قەد ئەوەی هەموو ژیانی لە ئەستۆ گرتووە، ژیان بە مانا قووڵ و فرەڕەهەندییەكەی، هەر لە زمان و ئەدەب و كەلتوور و ژینگەپارێزی و، هەر لە مافەكانی ژن و یەكسانی و، هەر لە بایەخدان بە لاوان و ئافرەتان و لە یەكسانی بە مانا نیشتیمانییەكەی تا دەگاتە پێكەوەژیان و هزی نیشتیمانی.
پاشان فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری سەبارەت كتێبی “هزر و فەلسەفا ڕێبازا بارزانی د گۆتنێن بارزانیی نەمردا” نمایشكرا.
دواتر فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وتەیەكدا ڕایگەیاند، بیرهێنانەوەی کۆچی دوایی هەر مرۆڤێک، بەتایبەت ئەوانەی کە سیمبوڵن، وەک بارزانیی نەمر، نوێبوونەوی ژیانە نەک کۆچی دوایی، بەلکو لەدایکبوونێکی نوێیە، چونکە ئێمە ئێستا بیر لەو زاتە پیرۆزە دەکەینەوە و یادی دەکەین، کەواتە لە دڵی ئێمەدایە و کۆچی دوایی نەکردووە، ئەمەش دیدێکە لە هەموو کۆمەڵگەکانی جیهان پەیڕەو دەکرێت.
لە درێژەی وتەكانیدا گوتی: بارزانیی نەمر هەموو خەباتی ئەوە بوو میللەتەكەی بەرەو سەرفرازی ببات، پاشان سوپاسی نووسەری كتێبەكەی کرد بۆ نووسین و چاپكردنی ئەم كتێبە و ئاماژەی بەوەدا “گوتنێن باش گرنگن، لەوەش گرنگتر پەیڕەوكردنەكەیەتی”.
دواتر تابلۆیەكی میوزیكی شمشاڵی دەڤەری بارزان لەلایەن سەفەت كانیبۆتەیی پێشكەشكرا.
هەر لە مەراسیمەكدا وتاری نووسەری كتێب عەبدولعەزیز موحسین بارزانی پێشكەشكرا و سوپاسی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک و، هەموو ئەو كەسانە كرد هاوكاربوون لە نووسین و بڵاوكردنەوەی ئەم كتێبە کە بە (١٠) زمان و زاراوەی جیاواز بڵاوكراوەتەوە.
لە كۆتایی مەراسیمەكەشدا سوپاسنامەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەلایەن فازڵ میرانی پێشكەش بەنووسەر كرا.