ئەمڕۆ پێنجشەم مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا نانسی پیلۆسی سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و سێس مێڵتن و دۆن بەیکن و براد وێنسترەپ و ئەماتا کۆلمەن ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بەشدار بوون.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، کۆنگرێسمان بەیکن بە ناوی ئەندامانی کۆنگرێسەوە بەخێرهاتنی سەرۆکی حکوومەتی کرد و وەک جەنگاوەر و خەباتکاتکارێکی ڕێگەی ئازادی ناساند و جەختی لە گرینگیی پاراستنیی ئاسایش و ئارامیی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان کردەوە.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی هاریکاری و پشتیوانیی ئەمەریکای کرد و ئاماژەی بە گرینگیی جێبەجێکردنی دەستوور و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پاراستن و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و فیدرالی هەرێمی کوردستان کردەوە.
سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران وێڕای خۆشحاڵی نیشاندان بۆ سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ ئەمەریکا، گوتی ڕێز و پێزانینمان بۆ ئازایەتیی و قارەمانیێتی و خەبات و قوربانیدانەکانی خەڵکی کوردستان هەیە.
گۆنگرێسمان مۆڵتن دووپاتی کردەوە کە ئەوان بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ بەهێزبوونی هەرێمی کوردستانن.