پارێزگاری دهۆک ژمارەیەک پرۆژەی رەوانەی جێبەجێکردن کرد کە یەکێک لە پرۆژەکان گەشتیارییە و بە تەواوبوونی کەرتی گەشتیاری لە پارێزگای دهۆک دەباتە قۆناغێکی بەرەوپێشتر ئەویش پرۆژەی کۆڕنیشی “رویێ شین”ـە لە شیلادزێ لە دەڤەری ئامێدی.
رۆژی پێنجشەممە (29ـی شوباتی 2024) راگەیاندنی پارێزگای دهۆک بڵاویکردەوە، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک ژمارەیەک پرۆژەی رەوانەی جێبەجێکردن کرد، کە پێشتر رەزامەندی لەسەردراوە و بودجەی پێویستی بۆ تەرخانکراوە.
راگەیاندنی پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوەکردووە، پرۆژەکان بریتین لە (کۆڕنیشی رویێ شین لە دەڤەری ئامێدی، دروستکردنی باڵەخانەی دادگای ئامێدی، دروستکردنی کەناڵێکی کراوەی ئاویی گەشتیاری لە بەنداوی دهۆک، پرۆژەیەکی ئاو لە سنووری دەڤەری ئاکرێ و کڕینی ئامێری ئەسفەلتی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی دهۆک).
کۆڕنیشی شیلادزێ لەسەر رووباری رویێ شین لە ناحیەی شیلادزێی دروست دەکرێتکە گەورەترین ناحیەی قەزای ئامێدییە لە پارێزگای دهۆک و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 50 هەزار کەسە، کە گوژمەی زیاتر لە سێ ملیار و 400 ملیۆن دیناری تێدەچێت.
هەروەها راگەیاندنی پارێزگای دهۆک وێنە دیزاینکراوەکانی کۆڕنیشی رویێ شین (کۆڕنیشی شیلادزێ)ـی بڵاوکردووەتەوە کە بەشێوەیەکی سەردەمیانە دروستکراوە و بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە ناوچەکە دەبێتە سەنتەرێکی گەشتیاری گرنگ و ئەم کۆڕنیشەش دەبێتە دووەم کۆڕنیش لەدوای کۆڕنیشی دەلال لە زاخۆ، کە سێکتەرەکانی گەشتیاری زیاتر بەرەوپێش دەبات و جووڵەی ئابووری لە رێگەی دروستکردنی هەلی کار و هاتنی گەشتیاران گەشەپێدەدات.