وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار: ماستەر پلانی شاری هەڵەبجە جێبەجێ دەکەین

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەڵەبجە، “دیدگای هەڵەبجە 2040” دانراوە کە دەبێتە بناغەیەک بۆ دەستپێکردنی ماستەرپلانی هەڵەبجە.

دوێنێ، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەی خستەڕوو، ماستەر پلانی شاری هەڵەبجە، لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانرێ جێبەجێبکرێت.
گوتیشی: ئێمە لە ساڵی رابردوو ساڵی 2023، پێشینەیەکی باشی کارکردنمان بۆ ئامادە سازی بۆ دروستکردنی ماستەر پلانی شاری هەڵەبجە، دیدگایەکی تەواو لەلایەن هەموو فەمانگە پەیوەندیدارەکان بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەڵەبجە، بۆ هەڵەبجە دانراوە بە ناوی “دیدگای هەڵەبجە 2040″ ئەوە دەبێتە بناغەیەک بۆ دەستپێکردنی ماستەرپلانەکە کە هەوڵدەدرێت لەماوەیەکی دەستنیشانکراو لە ساڵی 2024 تەواو بکرێت کە ئەوە بابەتی یەکەم بوو”.
ئەوەشی ڕاگەیاند؛ بابەتێکی دیکە داوامان کرد لە پارێزگای هەڵەبجە، سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی هەڵەبجە، ئەو پڕۆژانەی پەیوەستن بە خەڵک بەتایبەت پرۆژەی قیرتاوکردنی شەقامەکان و کۆڵانەکانی هەڵەبجە، لەگەڵ دروستکردنی چەند پاڕکێک لەناو شاری هەڵەبجە، بەزووترین کات دەرخستەکانمان بۆ بنێرن بۆ ئەوەی کاری پێویستی لەسەر بکەین.
وەزیری شارەوانی، ئەوەشی ڕاگەیاند؛ خاڵێکی دیکە کە لەگەڵ پارێزگار و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان باسمان کرد، ئەو پڕۆژانەی کە زۆر بەپەلەن بۆ ئەوەی بتوانین پارەی بۆ دیاری بکەین و جێبەجێی بکرێت لەلایەن خۆیانەوە بۆمان دەستنیشان بکەن”.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری شارەکە و خەڵکی ناوچەکە گفتوگۆی کرد و بەڵێنی جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەی ستراتیژی لە دەڤەرەکە ڕاگەیاند و وەزیری شارەوانیش جەخت لە جێبەجێ کردنی بەڵینەکانی سەرۆکی حکوومەت دەکاتەوە.

ھەواڵی زیاتر