زیاتر لە شەش سەد کۆمپانیا و نووسینگە، گەشتیار بۆ ھەرێمی کوردستان دێنن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ساڵ بە ساڵ ڕێژەی ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، لەم وەرزەدا گەشتیاران بەردەوامن لە سەردانیکردنی ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان، پەرەپێدان بە کەرتی گەشتیاریی و بووژانەوەی ژێرخانی گەشتیاری یەکێکە لە کارنامەکانی حکوومەتی ھەرێم کە ماوەی چەندین ساڵە کاری لەسەر دەکات. بەگوتەی بەرپرسانی کەرتی گەشتیاری، ساڵی ڕابردوو ھاتنی گەشتیاران ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد بوو، ئەوەش وای کردووە کە کۆمپانیا و نووسینگەکانی گەشتیاری ڕۆژبەڕۆژ زیاتر بن، کە بەپێی ئامارێکی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم زیاتر لە شەش سەد کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری کار لەسەر ڕاکێشانی گەشتیار بۆ کوردستان دەکەن.

کوردستان زۆر لە بنەماکانی گەشتیاری تێدایە و ھەر چوار وەرزی ساڵ خاوەن دیمەنێکی سەرنج ڕاکێشە، ئەوەش وای کردووە ببێتە جێگەی تێڕوانیی گەشتیاران، دروستکردنی پڕۆژەی گەشتیاری وا دەکات کە ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی گەشتیاران زیاتر ببن، چەند ساڵێکە کەرتی گەشتیاری لە وەرزی زستاندا لە ھەرێمی کوردستان گەشەی کردووە، کە پێشتر تەنھا لە وەرزی ھاوین گەشتیاران سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانیان دەکرد، بەڵام ئێستە لەگەڵ بارینی بەفر گەشتیاران ڕوو لە ناوچە سنوورییەکان دەکەن و کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن.
لە دوای ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی زیاتر بە ژێرخانی گەشتیاری ژمارەی ھاتنی گەشتیاران شەش ملیۆن گەشتیاری تێپەڕاندووە و ئێستەش کۆمپانیا و نووسینگەکان کار لەسەر ھێنانی گەشتیاری زیاتر دەکەن، بۆ ئەوەی ئەمساڵ ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان ژمارەی پێوانەی تۆمار بکات. دەستەی گەشتوگوزاریش ئامادەکاری تەواوی کردووە بۆ ئەوەی ئەمساڵ ڕێژەی ھاتنی گەشتیاران بەرزبکاتەوە بۆ زیاتر لە ھەشت ملیۆن گەشتیار. بەرپرسی نووسینگە و کۆمپانیاکانی ھێنانی گەشتیاریش دەڵێن: بۆ ئەوەی سەرنجی گەشتیاران ڕابکێشین چەندین نامیلکە و ڕێبەری گەشتیاری بە زمانی کوردی و زمانەکانی دیکەمان ئامادە کردووە، کە ھەموو ناوچە گەشتیارییەکان لەخۆ دەگرێت.
لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر بنکەی گەشتیاری ھەن، چوار سەد و شەست و دوو ھۆتێل و دوو سەد و ھەشتا مۆتێل، زیاتر لە ھەزار ڕێستورانت و کافتریا، ئەوانەی کە خزمەتگوزاری گەشتیاری پێشکەش دەکەن، لەگەڵ ھەشتا کۆمەڵگەی گەشتیاری ھەن، لەگەڵ ھەموو ئەو شوێنانەی کە لە ھەرێمی کوردستان خزمەتگوزاری گەشتیاری پێشکەش دەکەن، بریتین لە سێ ھەزار و سەد شوێن، واتە ھەم شوێنی سرووشتی گەشتیاری، ھەمیش بنکە گەشتییارییەکان، کە مەبەست لێی ھۆتێل، ڕێستوڕانت و کافتریا و بنکە گەشتییارییەکانە.
گەشتیارانیش ستایشی میواندۆستی و خزمەتگوزارییەکان دەکەن، دەڵێن لە کوردستان ھەست بە ئارامی و خۆشییەکی زۆر دەکەین، لەگەڵ گەیشتنیشیان بۆ ناوچە گەشتیارییەکان وێنە لەگەڵ سروشتی کوردستان دەگرن. جەبار زیاد، خاوەن کۆمپانیایەکی گەشتیارییە، دەڵێت: زیاتر لە دوازدە ساڵە ھەفتانە لە بەغداوە گەشتیار بۆ ھەرێمی کوردستان دێنین، کە زۆربەی ئەو گەشتیارانەی دێنە ھەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیاکانەوە دێن، زۆربەشیان گەشتیاری خواروو و ناوەڕاستی عێراقن.
جەبار، دەشڵێ: لە بازگەکان، لە شوێنە گەشتیارییەکان، ھەتا لە شوێنەکانی دیکە خەڵکی کوردستان زۆر ڕێز لە گەشتیاران دەگرن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە خەڵکی کوردستان میوان دۆستە و ژینگەکەی خۆی خۆش دەوێت، ئەوەش زیاتر ھانی گەشتیارانی داوە بێنە کوردستان، داواش لە خەڵکی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکەم لە جیاتی بچنە وڵاتانی دیکە و پارەیەکی زۆر سەرف بکەن، سەردانی کوردستان بکەن، بە پارەیەکی کەم دەتوان شوێنی خۆش ببینن و ھەست بە خۆشییەکی زۆریش بکەن.
زۆربوونی ژمارەی گەشتیاران وای کردووە ڕۆژبەڕۆژ کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری نوێ بکرێنەوە. ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ھۆکاری زیادبوونی کۆمپانیا گەشتیارییەکان بریتییە لە بووژانەوەی ژێرخانی کەرتی گەشتیاری، لە ماوەی چوار ساڵدا قەبارەی وەبەرھێنان لە کەرتی گەشتیاری ٤٢% زیادی کردووە و لە پێشەوەی تەواوی سێکتەرەکانی دیکەوەیە، ھەر لەو ماوەیەدا بەبڕی زیاتر لە چوار ملیار دۆلار وەبەرھێنان لە بواری گەشتوگوزاردا کراوە.
فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، ڕایگەیاند: ڕێژەی ھاتنی گەشتیاران ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر بەرزبووەتەوە ئەوەش بەھۆی ئەوەیە کە کارئاسانییەکی زۆر لەلایەن بازگەکانەوە بۆ گەشتیاران دەکرێت، ھەروەھا ھەبوونی ئەو ھەموو کۆمپانیا گەشتیارییە کە بەردەوام گەشتیار دێنن بۆ ھەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، ئاشکراشی کرد: کۆمەڵێک پڕۆژەی گەشتیاری لە پلان دانراون و داومانەتە سەرووی خۆمان کە ئەو پڕۆژانە پڕۆژەی گرنگن، ئەوەش وا دەکات کەرتی گەشتیاری زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت، لەگەڵ خزمەتگوزاری ناوچە گەشتیارییەکان، بۆیە چاوەڕوانین ڕەزامەندی لەسەر ئەو پڕۆژانە بدرێت، ھەروەھا لە ڕێگەی کەرتی تایبەت چەند پڕۆژەیەکی گرنگی گەشتیاری ھەن، ئەوانەش دەتوانن تەکانێکی باشتر بە بواری گەشتیاری بدەن و، کاریگەی لەسەر زیادبوونی ڕێژەی گەشتیاران ھەبێت.

ھەواڵی زیاتر