ئه‌مرۆ سێشه‌م له میانه‌ی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ (رادیۆی مۆنتیكارلۆ)ی فڕه‌نسی، سه‌رۆك بارزانی وه‌ڵامی چه‌ندین پرسیاری سه‌باره‌ت به بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و عێراق و بڕیاره‌كانی دادگه‌ی باڵای فیدڕالی و ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران و وڵاتانی دراوسێ و نێوده‌وڵه‌تی دایه‌وه.
سه‌رۆك بارزانی له یه‌كێك له ته‌وه‌ره‌كاندا نیگه‌رانی خۆی سه‌باره‌ت به بارودۆخی ئێستای عێراق ده‌ربڕی و رایگه‌یاند: به‌داخه‌وه ئێستا پڕۆسه‌ی دیموكراسی له عێراق له هه‌ردوو ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه.
راشیگه‌یاند: وه‌ك هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی ته‌واوی محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كه‌ین و ئه‌و هه‌وڵی جیدی داوه و ده‌دات بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و خاڵانه‌ی كه هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ری رێككه‌وتبوون، به‌ڵام به‌داخه‌وه له ناوخۆ و له ده‌ره‌وه چه‌ندین ئاسته‌نگی بۆ دروستكراوه.
سه‌رۆك بارزانی گوتیشی: ئه‌گه‌ر له عێراق پڕه‌نسیبه‌كانی ته‌وافوق و ته‌وازن و شه‌راكه‌ت نه‌گیرێته‌به‌ر و ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن چه‌ند گرووپێكی دیاریكراو قۆرخ بكرێت، ئاینده‌ی عێراق باش نابێت و به‌دڵنیاییه‌وه بارودۆخ به‌ره‌و هه‌ڵدێرێكی خراپ هه‌نگاو ده‌نێت.
سه‌باره‌ت به بڕیاره‌كانی دادگه‌ی باڵای فیدڕالیش، سه‌رۆك بارزانی گوتی: دادگه‌ی باڵای فیدڕالی پێشێلی ده‌سه‌ڵاته ده‌ستوورییه‌كانی كردووه و سه‌رجه‌م بڕیاره‌كانی ئه‌م دواییه‌ی دژی هه‌رێمی كوردستان بوون.
له‌باره‌ی ناكۆكی لایه‌نه‌كان و بارودۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆك بارزانی جه‌ختی كرده‌وه كه هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن بۆ تێپه‌ڕاندنی ناكۆكییه‌كان و دروستكردنی یه‌كڕیزی له ناوخۆدا.
سه‌رۆك بارزانی راشیگه‌یاند: هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه هه‌وڵیداوه په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ ئێران و سه‌رجه‌م وڵاتانی دراوسێ هه‌بێت، به‌ڵام هه‌ندێ لایه‌ن له تاران له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی به‌هێزه‌كان شكستیان هێناوه، بۆیه بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌م شكستانه‌یان هه‌ولێر ده‌كه‌نه ئامانج و هاژه‌كبارانی ده‌كه‌ن و به بیانۆی بێ بنه‌ما هاووڵاتییان و خه‌ڵكی سڤیل و بێ‌تاوان ده‌كه‌نه ئامانج.