كێشەی زەویە كشتوكاڵیەکانی سنووری ئیدارەی سۆران چارە دەكرێت

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

هەژار حەكیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێ: سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەڵگورد شێخ نەجیب، بە یاوەری جێگری سەرپەرشتیار، سەردانی بەڕێوبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی كرد و لە كۆبوونەیەكدا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی و ستاف و كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەكە، تیشكی خستە سەر چەند بابەتێكی گرنگی پەیوەست بەهاووڵاتییان.

دەشڵێت: بابەتەكان بریتی بوون لە پێكهێنانی لێژنەكانی چارەسەركردنی كێشەكانی زەوی كشتوكاڵی، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گرنگیدان بە ئاژەڵداری و پاڵپشتیكردن و هاوكاریی جوتیاران بۆ ساغكرنەوەی بەرووبوومی ئاژەڵی و كشتوكاڵی، بە پشتبەستنی توێژینەوە و لێكۆلینەوە ئەكادیمیەكان، بەرەوپێشبردنی نەمامگەكان بۆ بەرزكردنەوەی ڕێژەی مەشتەلە و سەوزایی، كردنەوەی خول و ڕاهێنان بۆ پێگەیاندنی كادیر و جووتیاری پێشكەوتوو.
زیاتر ئاماژەی پێدا: هەروەكو لە بەرنامەی كار و پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكوەزیران پێداگری لەسەر فرەچەشنكردنی سێكتەرەكان، بۆ فەراهەمكردنی ئاسایشی خۆراك لە چوارچێوەی ئاسایشی نیشتمانی، بەتایبەت سێكتەری كشتوكاڵ كە سەرچاوەی سەرەكییە. هاوكات، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئامادەیی و پاڵپشتی خۆی بۆ هەر پێویستیەك و بەرەوپێشبردنی بواری كشتوكاڵ دەربڕی.
هەر لەمبارەیەوە، ماوەیەک پێش ئێستا، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە دیوانی وەزارەت، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و نەهێڵانی زێدەڕۆیی و سەرپێچی لەسەر موڵكی حكوومی، لیژنەی یەكلاییكردنەوە و چارەسەركردنی گرفت و كێشەكانی زەوی و زاری كشتوكاڵی و شارەوانی، كە بە بڕیاری سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كە بە سەرۆكایەتیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێكهێنراوە، یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا.
هەژار حەكیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوتی: لە كۆبوونەوەكەدا، تیشك خرایە سەر بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و ڕاسپاردنی لیژنەی ناوبراو بۆ دۆزینەوەی میكانیزمی گونجاو و چارەسەركردنی گرفت و كێشەی زەوی و زاری موڵكی گشتی و پۆلێنكردنی زەوییەكانی شارەوانی و كشتوكاڵی و نیشانكردنی حەڕەمی گوند لە سنووری پارێزگەی هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەروەها جەخت لەسەر ڕێگریكردن لە زێدەڕۆیی و سەرپێچییەكان بۆسەر موڵكی گشتی و هەموو ئەو كەس و لایەنەنانەش كرایەوە كە دەیانەوێت زێدەڕۆیی بكەنە سەر زەوی و موڵكی میری. بڕیاردرا بۆ هەماهەنگی و هاوكاری لەگەڵ لیژنەی باڵا لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دوو لیژنەی دیكە پێكبهێنرێن و بەوردی بەدواداچوون و دیراسەی پرسەكە بكەن و لە كۆبوونەوەی داهاتوو ڕاپۆرتی خۆیان لەوبارەیەوە بخەنەڕوو.

ھەواڵی زیاتر