هاودەنگ فارووق
پێکهاتە ئایینی و نهتهوهییهکانی کوردستان، بهشێکی گرنگ و دانەبڕاوی لهمێژینهی کوردستانن. ههزاران ساڵه لەسەر ئەم خاکە دەژین، بهها و کولتوور و بنهما ئایینی و شوێنگهی جوگرافی و شوێنەواری مێژوویی دێرینیان له ههرێمی کوردستاندا پارێزراوە.
یەكێك لەو هۆكارە سەرەكییانەی كە هەمیشە وەك خاڵی بەهێزی هەرێمی كوردستان پیشان دراوە و، كورد شانازیی پێوە كردووە، بریتی بووە لە پاراستنی مافی كەمایتییەكان و، بەشداركردنیان لە هەڵبژاردنەكان و، ڕێگەپێدانیان بەوەی بتوانن كار بكەن بۆ پاراستنی هەبوون و مانەوەیان و دەستیان هەبێت لە داڕشتنی یاساكاندا.ئەم خاڵە، پلۆرالیزەكردنی كۆمەڵگە و دەستەڵاتی كوردستانی پیشانی هەموو جیهان دەدا.
دۆستانی كورد هەمیشە شانازییان پێوە دەكرد و بووبووە چەكێك بۆ ئەوەی هەمووان بڵێن: لەناو دەریای قەیرانەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە مەترسیی دەركردنی زۆرینەی كەمینەكان هەیە، زۆرینەیان ناچار كران بە چۆڵكردنی زێدی خۆیان و بەشێكی زۆریشیان جینۆساید كران، كەچی
دوورگەیەكی سەرنجڕاكێش و ژینگەیەكی ئازاد و لەبار هەیە، پێچەوانەی هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ماف و كەرامەت و ژیان و بەشداری سیاسی پێكهاتە ئایینی و ئیتنكییەكانی پاراستووە.
لەلایەکی دیکەوە پێویستە ئەو ڕاستییە بخەینەوە بیر ئەو کوردزمانانەی کە هەرگیز بەرژەوەندیی کوردیان لەبەر چاو نەبووە و لەوەتەی هەن هەموو بەها و بایەخ و دەرفەتێک بە تەرازووی ڕق و قین و بەرژەوەندییە شەخسییەکانی خۆیان هەڵدەسەنگێنن. بەشدارکردنی کەمینەکان و لەبەرچاوگرتنی مافەکانیان جوانترین ڕوخساری دیموكراسییە، کە کورد پێویستە بۆ بەرژەوەندی و مانەوە و پارێزرانی مافەکانی خۆی هەمیشە پێی لەسەر دا بگرێتەوە.
ئاخر لەو وڵاتانەدا کە کورد تێیاندا کەمینەیە ئەگەر هەموو شتێک بە دەنگی زۆرینەی ڕەها یەکلایی بکرێتەوە و مافی کەمینە بە تەوافق و سازان لەبەرچاو نەگیردرێ کورد هەرگیز ناگاتە هیچ کام لە ماف و داواکانی. جا ناکرێت ئێمە لە بەغدا خوازیاری تەوافق و سازان بین و لە کوردستانیشدا دژی بین. بەرنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو بارەیەوە لەگەڵ هزر و بیروباوەڕ و بانگەشەکانیدا تەبایە و یەکە. ئەم ڕوخسارە جوانەی کورد دەبێ بپارێزرێت.