“لە نێو خێزان، رۆشنبیری بناغە و کڕۆکی پەروەدەی دروستە”

فەزیلە شۆرش

رۆشنبیری دایک و باوک یا بەخێوکەر لە پەروەردەی مندال لە سەر بنەمای دیالۆگ و هاوبایەخ زانینی رۆلی مندال بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە، رۆلێکی سەرەکی و گرنگی هەیە،کارگەرێکی راستەوخۆشی هەیە لە ژیانی تاکی خێزان، خێزانیش گرنگترین کۆلەکەی نیشتیمانە و دەزگایەکە کە لە سەر بنەما ئەخلاقیەکانەوە راوەستاوە، بنەمای ئەخلاقیش لە مامەلەی یەکسان و خۆشەویستی و تێگەیشتنی هاوبەش و راستگۆیی لە نێوان ئەندامانی خێزان خۆی دەبینتەوە کە کرۆکی دروست کردنی کەسایەتیەکی راست و دروستە، لە دوارۆژدا ئەم کەسایتیە دەبێتە خاوەن کەسایەتی و بڕیاری خۆی و، بەدوا مێگەل ناکەوێ و نابێتە کوێلە.
منداڵ سپاردەیەکی زۆر گەورە و هەستیارە، بێگومان کاتێک پەرە بە تواناکانی ئەو منداڵە دەدرێ دوور لە تووندو تیژی، خودێک لەلای دروست دەبێت کە دەتوانی لە زۆربەی زۆری کات بە ئاسانی زاڵ ببێتە سەر تەنگ و چەڵەمە و بەربەستی ژیان بێ ئەوەی پێشلی لە ماف و ئازادی خۆی و دەوروبەری بکات،
کە واتە رۆشنیری یەک لە بنەما و بیناغە سەرکیەکانە و کرۆکی پەروەردەی دروستە لە نێو خێزان، له‌گه‌ڵ پاریزگاركردن له‌ به‌هاو نۆرم و داب و رێساكانی كۆمه‌ڵگە . رۆشنیر مەرج نیە خاوەن بروا نامە یا کارێکی پلە بەرزی هەبێت بەڵکو پێویستە دایک و باوک رۆشنبیر و راستگۆ بن، بە رۆشنبیری، خێزان دەتوانی منداڵ بە شێوەیەکی دروست پەروەردە بکات.
بێشک منداڵ سەرەکیترین پێکهاتەی خێزانە هەر بۆیەش مندال بەو ئاستە راستگۆ دەبێت کە دایک و باوکی راستگۆن لە گەلی، دایک و باوکی رۆشنبیر لە چوار چیوەی گرنگیدانیان بە هەموو وردەکاریەکانی ژیان تیشک دەخەنە سەر ئازادی و دیالۆگ، ئازادی لەبیرکردنەوەو بریاردان و هەڵبژاردنی هاوسەر بەبێ فشار و گوشار خستنە سەر تاک، بە دیالۆگیش دەتوانی شکۆ و ئازادی و سەربەرزی تاک بپارێزرێن و خالە نەرێنیەکان چارە بکرێن و پەرە بە خالە ئەرێنیەکان بدرێت.
بێگومان رۆشنبیری خێزان رۆلی گەورەی هەیە لە شێوەی بەکار هێنانی ئازادی، بەڵام لە پاڵ رۆشنبیری خێزان، هەندێک ئایدۆلۆژیای دەرەکی هەن کە رۆلیان هەیە لە سەر شێوەی بەکارهێنانی ئەم ئازادیە، گرنگە ئەم ئایدۆلۆژیا دەرەکیانە نەبنە هۆکاری لاوز بوونی دەزگای خێزان.
بۆ ئەوەی تاک هەست بەو رۆلە گرنگەی خۆی لە خێزان بکات، دەبێ رێز لە ماندوو بوون و هەولی هەر تاکێکی خێزان بگیرێ، لە هەمان کات ئەم رێزە دەبێتە هاندەری هاتنە ئارای زەمینەیەکی باشتر و بەردەوام پر لە خۆشەویستی، بێگومان ئەم خۆشەویستیە هەڵقولاوە لە رۆشنبیری خێزان،کە واتە لە نێو خێزان، رۆشنبیری بیناغە و کڕۆکی پەروەدەی دروستە.
بۆیە دایک و باوکی رۆشنبیر
سەرمایە و سامانێکی گرنگی خێزان و کۆمەلگاو نیشتیمانن و یەکلاکەرەوەی گەشە و هێز و متمانە بە خۆبوونی منداڵن.

ھەواڵی زیاتر