فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا، ڕایگەیاند؛ ئەگەر هەموو کارەکان بە باشی بەڕێوە بڕۆن، سەرۆکی هەرێم هەفتەی داهاتوو رۆژێک بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکات.
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت؛ بەهۆی دواکەوتنی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەستەمە بتوانرێت لە مانگی ٥ی ئەمساڵدا هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
دەشڵێت: ئەگەر کارەکان بە باشی بەڕێوە بچن، هەفتەی داهاتوو سەرۆکی هەرێی کوردستان ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری دەکات.
جێگای ئاماژە پێکردنە، دادگەی فیدراڵی دوای ١١ جار دواخستنی بڕیار دان سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە، دادگەی فیدراڵی بڕیاریدا کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بگرێتە ئەستۆ.
بڕیاریشدا، هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.