یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

كۆبوونەوەی پێنجەمی JCC تایبەت بە ماستەرپلانی هەولێر بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ یەكشەممە، 25-02-2024، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، كۆبوونەوەی پێنجه‌مى لیژنەی هەماهەنگی هاوبەش تایبەت بە پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێر بەڕێوەچوو.

ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتەكان، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و بەڕێوەبەرانی گشتی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و دەستە و فەرمانگەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان؛ هەروەها نوێنەری نووسینگەی سەرەكيی جایكای ژاپۆن، بەڕێوەبەری ئۆفیسی جایکا لە عێراق و ژمارەیەكی دیكە لە بەرپرسان و ئەندامانی تیمی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار؛ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا سوپاسی فەرمانگەكان و ئەندازیارانی حكومەت و تیمی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی كرد كە بە هاوبەشی كار لە پرۆژەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێردا دەكەن و تا ئێستا هەنگاوی زۆر باشیان لە جێبەجێكردنی پرۆژەكەدا ناوە.

لەمیانەی پرۆگرامەكاندا چەند ڕاپۆرتێك لەلایەن تیمی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی جایكاوە سەبارەت بە قۆناغ و كارەكانی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر نمایش كران و تێیدا دوایین كارە ئەنجامدراوەكان و زانیاری و پێشنیازەكانی پەرەپێدانی زیاتر بە پرۆژەكە خرانەڕوو و، لەلایەن ئامادەبووانەوە گفتوگۆی جدیان لەبارەوە كرا و ڕاوسەرنجی پێویست خرانەڕوو.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی دیکەی قسەكانیدا باسی لە ڕوانگە و بایەخدانەكانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد سەبارەت بە گرنگيی پرۆژەكە و جەختیكردەوە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە بایەخێكی زۆرەوە لە پرۆژەكانی ماستەرپلانی شار و شارۆچكەكان دەڕوانێت”.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەبارەت بە پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێریش ئاماژەی بەوە كرد، پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێر لە دیدی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان جێی بایەخە و بەردەوام بەدواداچوونی بۆ دەكات و هەموو پاڵپشتییەكی خۆی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێشخستنی پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێر دەردەبڕێت.

بەپێی ڕاپۆرتە پێشكەشكراوەكانی كۆبوونەوەی پێنجەم كە لە ڕێگەی داتاشۆوە نمایش كران، كارەكانی پرۆژەكەی ماستەرپلانی هەولێر بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیەوە دیوە لە دووبارە دیزاینكردنەوەی شاری هەولێر و كۆمەڵگە نیشتەجێبووەكانی نزیك پایتەخت، بەتایبەتی سەنتەری شاری هەولێر بە ڕەچاوكردنی تەواوی سێكتەرەكان بە تایبەتی شەقام و هۆیەكانی گواستنەوە و ڕێگەوبان و ناوچە سەوزایییەكان و فراوانكردنی شەقام و گواستنەوەی كارگە و دروستكردنی ناوچەی پیشەسازی و سەدان ئایكۆنی دیكەی خزمەتگوزاری كە تا ساڵی 2025 جێبەجێ دەكرێن و بەهۆیەوە شاری هەولێر لە هەموو ڕوويه‌كەوە دەبووژێتەوە.

شایەنی باسە، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، بایەخی زۆر بە پرۆژەی ماستەرپلانی شار و شارۆچكەكان دراوە، بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە لیژنەیەكی باڵای هەمواركردنەوەی ماستەرپلان و دووبارە بەگەڕەخستنەوەی ماستەرپلانە وەستاوەكان و دانانی ماستەرپلان بۆ ئەو شار و شارۆچكانەی كە ماستەرپلانیان نییە پێكهێنراوە، لە ئێستاشدا لەسەر ئاستی پارێزگەكان، ماستەرپلانی شاری هەولێر و شاری هەڵەبجە لە قۆناغی جێبەجێكردندان و كار بۆ هەمواركردنەوە و بەگەڕخستنەوەی ماستەرپلانەكانی دیكە لە شار و شارۆچكەكان دەكرێت.