دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دەڵێت، نابێت لەمەودوا قەرز بدرێتە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی دابەش بکات و پێویستە حکومەتی عێراق پابەندبێت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21-02-2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کۆبووەوە.
بڕیارەکانی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچە:
1. دەبێت بە پێی ماددەی 116 و 117 دەستووری عێراق؛ یەکسانی هەبێت لە دابەشکردنی داهاتی سەروەت و سامانیی گشتی و نابێت ستەم لە هیچ کەسێک بکرێت.
2. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کار بۆ ئەوە بکەن کە مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی دابەش بکرێت.
3. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پابەندی یاسایی بودجەی گشتیی فیدراڵی بن بۆ پێدانی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
4. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێڕاق دەبێت ئەرکی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆ بگرێت و، کێشە و ناکۆکییەکانی هەردوو حکوومەتیش (عێراق و هەرێمی کوردستان) چارەسەر بکات؛ تاوەکو دڵنیایی بدرێت لە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
5. پێویستە حکومەتی عێراق پابەندبێت بە پێدانی مووچەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و نابێت لەمەودوا قەرز بدرێتە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی دابەش بکات.
هاوکات دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت. بڕیاریشی بە نادەستووریبوونی ژمارەی کورسی کوتاکانیشی دا؛ بەوپێیەش ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان لە 111 ئەندامەوە بۆ 100 ئەندام کەمکرانەوە.