ڕائیب جادر – هەولێر
دادگەی باڵای فیدراڵی، بەردەوام لە ڕۆڵی خۆی زیاتر ھەنگاوی ناوە، زیاتر لە یازدە جار دادگەکە دانیشتنی تایبەت بە سکاڵای سەر یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دواخستووە. بەگوتەی پسپۆرانی یاسا و پێکھاتەکان، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان سیاسین و چارەی کێشەکان ناکات.پێکھاتەکان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ھیچ کاتێک پێکھاتەکان نەبوونەتە بەربەست بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن.
بڕیار بوو لە ٢٥ی شوباتی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتیی دەکرا، بەڵام بەھۆی یەکلای نەبوونەوەی سکاڵاکە کێشە بۆ ڕێ و شوێنەکانی کۆمیسیۆن دروست بوو، کە چاوەڕێی یەکلا کردنەوەی سکاڵاکەیە، دواخستنی دانیشتنەکەی تایبەت بە ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی پرسی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق گۆمانەکانی لایەنەکانی دیکەی زیاتر کردووە، قەیرانی ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەدوای لەسەر کارلادانی محەممەد حەلبوسی، بە بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی پێی ناوەتە مانگی سێیەمەوە تا ئێستە لایەنە سیاسییەکان نەیان توانیوە بگەنە ھیچ لێک تێگەیشتنێک سەبارەت بە ھەڵبژاردنی کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنەکانی تایبەت بەو پرسەش شکەستی ھێناوە.
پەرلەمانی عێراق بووەتە پاشکۆی گرووپە چەکدارەکان، دادگەی فیدراڵی بەناوی جێبەجێ کردنی دەستوور و یاساوە بە تەواوی دەستی بەسەر پەرلەماندا گرتووە و پەرلەمان ھیچ جۆرە یاسایەکی پێ دەرناکرێت و بووەتە شوێنی ململانێ.
ڕۆژی یەک شەممە، ١٨-٢-٢٠٢٤، دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی چەند سکاڵایەک لەنێویشیاندا سکاڵای تایبەت بە پێنج ماددەی یاسای ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە، دادگەکە جارێکی دیکە بڕیاردانی لەبارەی سکاڵاکە بۆ ئەمڕۆ دواخست.
ماددەکان تایبەتن بە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی ھەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان، کە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامی کریستیانەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون.
سکاڵاکە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٣ لە دادگەی فیدراڵی تۆمار کراوە، بەڵام دادگەی فیدراڵی دوای زیاتر لە دە مانگ و یازدە دانیشتن بڕیای لەسەر دۆسیەکە نەداوە، بەردەوام یەکلا کردنەوەی دۆسیەکە بە دانیشتنی دواتر دەسپێرێت.
بەگوێرەی ماددەی ٣٦ـی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسیی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان کراون، لەگەڵ یەک کورسی بۆ پێکھاتەی ئەرمەن، جگە لە تەرخانکردنی پێنج کورسی بۆ تورکمانەکان.
لە یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ی پاراستنی مافی پێکھاتەکان، باسی پێکھاتەکان کراوە تورکمان، کلد-ئاشووریی و سریانی، ھەروەھا پێکھاتە ئایینییەکانیش بریتیین لە مەسیحی، ئێزدی، شەبەک، کاکەیی، فەیلی، زەردەشتی، بەھائی و سابیئە لە ھەرێمی کوردستان پاڵپشتییەکی گەورە ھەیە بۆ پاراستنی مافی پێکھاتەکان، ئەو پاڵپشتییەش لە پراکتیکدا ڕەنگدانەوەی ھەیە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، تا ئێستە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق لەڕووی کاتەوە لە مەترسیدا نییە بۆ کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام ناکرێت چیتر بڕیاری دادگە سەبارەت بە یاسای ھەڵبژاردنەکە دوابخرێت.
دڵشاد شەھاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتیشی: دواکەوتنی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی سەبارەت بە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاریگەریی نەرێنی درووستکردووە و ناکرێت چیتر دەستەوەستان بوەستین و چارەنووسی پڕۆسەی ھەڵبژاردن بە دواخستنی بڕیاری دادگەی فیدراڵی ببەسترێتەوە.
یاسین مەحموود، ڕاوێژکاری یاسایی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت: بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان و ئەو سکاڵانەی کە لە ھەرێمی کوردستان دەکرێن، لە نزیکەوە چاودێری دەکەین، بڕیارەکانی سیاسین بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان، واتە بڕیاری یاسایی و دروست نین بۆ ئەوەی چارەی کێشەکان بکەن.
دەشڵێ: پسپۆڕی دادگە وەک لە یاسایی دادگەی فیدراڵیدا ھاتووە، ئەوەیە کە پارێزەری دەستووربێت ئەگەری یاسایەک سەرپێچی دەستووربێت ڕایبگرێت، کێشەیەک لە نێوان ھەرێم و بەغدا بێت چارەی بکات یاخود کێشەیەک لە نێوان پارێزگایەک و ناوەندا ھەبێت یاخود لە نێوان دەستەڵاتە دەستوورییەکان ھەبێت چارەی بکات، بەڵام دادگەی فیدراڵی ھەندێکجار دەچێتە ناو ئەو کێشە و گیروگرفتانەوە کە لە پسپۆڕی ئەودا نییە و کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە.
یاسین مەحموود، ئاماژەی بەوەدا، بابەتی سکاڵا لەسەر یاسای ھەڵبژاردنەکان لەسەرەتای مانگی ٥ ئەو سکاڵایە پێشکەشکرا تا ئێستە کە زیاتر لە ١٠ مانگە، بابەتەکە لە دادگەی فیدراڵی ماوەتەوە، کە بڕیار بوو ١٨ ئەم مانگە بڕیار بدات بۆ ئەمڕۆ دواخرا.
ئازاد ئەکرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت: پێکھاتەکان بۆ کورسی کۆتاییان پێ دراوە، لەبەر ئەوەیە ژمارەیان کەمە، ئەگەر دەستکاری کورسی کۆتاکان کرا، ئەو کاتە شتێک نامێنێت بەناوی پێکەوەژیان و ئەو کاتە پێکھاتەکان ناگەنە پەرلەمان.
سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ئاشکراشی کرد: ھەندێک لایەن بەرپرسیارن لەوەی ھەڵبژاردن لە کوردستان دوا کەوتووە، ئەگەر داواکەی ئەوان نەبووایە، ھەڵبژاردن لە کوردستان دەکرا و ھیچ کێشەیەک نەدەبوو، بەڵام ئەوان دەیانەوێت کورسییەکانی تورکمان کەم بکەنەوە و دابەشی سەر پارێزگاکانی بکەن.
لەلایەن خۆیەوە مونا قەھوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، ڕایگەیاند: بە بیر ھەموو لایەکی دەھێنینەوە، پێکھاتەی تورکمان جەخت لە ڕاو و بۆچوونی پێشتری پەیوەست بە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمان دەکاتەوە، کە سیستەمی ھەڵبژاردن یەک بازنەیی بێت و بەھیچ شێوەیەک دەستکاری کورسی کۆتا نەکرێت.
قەھوەچی، دەشڵێ: بەرژەوەندی و بەرنامەی سیاسی و چۆنیەتی دابەشبوونی ھاووڵاتییانی نەتەوەی تورکمان وا دەخوازێت کە دادگەی فیدراڵی داواکاریەکانمان لەبەرچاو بگرێت و ئەو سکاڵایانەی پەیوەستن بە کورسی کۆتاکان، ڕەتبکاتەوە.
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، ئاشکراشی کرد: ئەگەر دادگەی فیدراڵی کورسییەکانیشمان دابەش بکات، دەبێت ڕەچاوی ڕێژەی دابەشبوونی دانیشتووانی نەتەوەی تورکمان لە ھەر چوار پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان بکات و بزانێت کە زۆرترین ڕێژەی ھاووڵاتییانی تورکمان لە پارێزگای ھەولێرن.
لەلایەکی دیکەوە ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، دەڵێت: دواخستنی بڕیاردان لەسەر یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ھۆکاری سیاسیی لە پشتەوەیە، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی شەشی ئەمساڵ ناکرێت و دوادەخرێت، وەکو پێکھاتەکان دابەشکردنی کورسی پێکھاتەکان بەسەر پارێزگاکان ڕەت دەکەینەوە، چونکە ئەوە ئامانجی سیاسی لە پشتەوەیە، لەگەڵ ئەوەش ھیچ ڕاوێژ بە پێکھاتەکان نەکراوە، دووەمیش ئامادەبوونی پێکھاتەکان لە ئێستەدا کە ھەموو لایەنەکان باش دەزانن ھەبوونی نەتەوەی تورکمان لە سەنتەری شاری ھەولێرە، سریان و کلد و ئاشووری زیاتر لە دھۆک ھەن، دواتر لە ھەولێرن، ئەگەر کورسییەکانیش دابەشبکرێن دەبێت لەسەر ئەو بنەمایە بێت، نەک لەسەر بنەمای سیاسیی و بۆ بەرژەوەندی ھەندێک لایەن بێت.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، جەختی لەوەشکردەوە: پێکەوەژیانی نەتەوە و پێکھاتە جیاوازەکان لە ھەرێمی کوردستان بابەتێکی زۆر گرنگ و ھەستیارە و پێویستە ھەمووان بەیەکەوە کار بۆ پاراستنی ئەم پێکەوەژیانە ئاشتییە بکەن، پێکھاتەکان ھەمیشە لەگەڵ ئەوە دابوونە سەقامگیری سیاسیی و ئابووری لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت.