سلێمان تاشان – ههولێر
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی شوبات ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک یان زگماکییە و لەو ڕۆژەدا وڵاتانی جیهان بە تایبەتی ڕێکخراوەکانی بواری ئەدەب و کلتوور و ناوەندەکانی پێوەندیدار بە زمان گرنگییەکی تایبەت بەم یادە دەدەن و ڕۆژەکەیان کردووەتە بۆنەیەک بۆ هەرچی زیاتر گرنگیدان بە زمانی دایک و پاراستنی زمانە جیاوازەکان.
لەکاتێکدا ئەم ڕۆژە جیهانییە بەرز ڕادەگیرێت کە زمانی کوردی سەرەڕای ئەوەی کە نزیکەی پەنجا ملیۆن کەس لە دانیشتووانی گۆی زەوی قسەی پێ دەکەن هێشتا تەنیا لە یەک وڵات بە فەرمی ناسراوە و دەوڵەتانی حاکمی پارچەکانی کوردستان، ئەو زمانە بە فەرمی ناناسن و ڕێ لە گەشە و تەنانەت ئاخافتنیشی دەگرن.
زمانی کوردی تا ئێستا تەنیا لە عێراق بە فەرمی ناسراوە و لە هەرێمی کوردستان بە زمانی کوردی دەخوێنرێت، بەڵام ئەمە نیشانەی ئەوە نەبووە ئەو زمانە بە تەواوی لە لەناوچوون ڕزگاری بووبێت. ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی هەر دوو وەزارەتی ڕۆشنبیری و پەروەردە بۆ پاراستنی زمان قورستر بووە و ئەو بەرپرسیارێتییەیان لەسەر شانە تا بە بایەخی زیاترەوە بڕواننە زمانی دایک و ڕێ نەدەن لە ڕێچکەی خۆی بەلاڕێدا بچێت. زیاتر لە سێ دەیەیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوە بەڵام بەداخەوە هێشتا ڕێنووسێکی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان نییە و هەر دامەزراوە و دەزگا و ڕۆژنامە و بڵاوکراوەیەک بە کەیفی خۆیان ڕێنووس دیاری دەکەن و هیچ کامێکیان حساب بۆ ئەوەی تریان ناکەن.
نووسراوی سەر دووکان و تابلۆ و شوێنە بازرگانییەکان پڕە لە هەڵەی ڕێنووس و لە لایەکی ترەوە ناو و چەمکی بێگانە جێی بە ناوە کوردییەکان لێژ کردووە و هەست دەکرێ دۆخی زمانی کوردی ساڵ بە ساڵ لە جیاتی بەرەوپێش چوون لە پاشەکشەدایە. کرێکارانی بیانیی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان لە جیاتی ئەوەی بکرێتە مەرج لەسەریان فێری زمانی فەرمیی ئەم نیشتمانە ببن کەچی بابەتەکە پێچەوانە بووەتەوە و ئەگەر لە خواردنگەیەکی پایتەخت زمانی عەرەبی یان ئینگلیزی نەزانیت ئەوا لە داواکردنی خواردن تووشی کێشە دەبیت.
لە ئاستی عێراقیشدا سەرەڕای ئەوەی کە کوردی زمانی فەرمییە و لە دەستووردا چەسپاوە، بەڵام هەموو هەوڵێکی بەغدا بەو ئاراستەیەیە کەمڕەنگی بکاتەوە، لە کەرکووک ناونیشانە کوردییەکان لەسەر تابلۆی دامەزراوە فەرمییەکان کەم بووەتەوە و هەوڵێکی چڕی دووبارە سیاسەتی ئەسێمیلاسیۆن لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەستی پێ کردووە.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێشتا خەڵک ناتوانن بە زمانی کوردی بخوێنن و بنووسن و حکوومەتی ئەو وڵاتە زمانەکەی بە فەرمی نەناسیوە و زمانی فارسی سەپاندووە و تەنانەت وەک زاراویەک باس لە زمانی کوردی دەکات و ڕێ لە گەشەی زمانەکە دەگرێت. حکوومەت چالاکانی بواری ئەدەب و زمانی کوردی دەگرێت و بە تۆمەتی بێبنەما سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێنێت و دەیان مامۆستای زمانی کوردی و چالاکی ئەدەبی لە گرتووخانەکان بەسەر دەبەن.
چ لە سەردەمی پاشایەتی و چ لە ماوەی چل و پێنج ساڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هیچ مافێکی خوێندن بە زمانی کوردی بە ڕەوا نەزانراوە و منداڵانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ هەر لە باخچەی ساوایانەوە بە زمانی فارسی بخوێنن بێ ئەوەی حساب بۆ زمانی دایکیان بکرێت، لە کاتێکدا دەمێکە توێژینەوە زانستییەکان ئەوەیان سەلماندووە کە بەشێکی زۆر لە گەشەی تواناکانی مرۆڤ و پەروەردەی بەوە بەستراوەتەوە بە زمانی دایکی بخوێنێت.
لە باکووری کوردستان هاوشێوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زمانی کوردی بە فەرمی نەناسراوە و تا چەند ساڵ لەمەوبەر تەنانەت ئاخافتنیشی قەدەغە بوو و ماوەی چەند ساڵێکە ژمارەیەک لە پارتە سیاسییەکانی باکووری کوردستان لە پەرلەمانی تورکیا داوایان کردووە زمانی کوردی بە فەرمی بناسرێت بەڵام ڕووبەڕووی سەرکۆنە و تەنانەت زیندانیی بوونەتەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شارە جیاجیاکانی باکووری کوردستان دەیان گردبوونەوە و چالاکی ئەنجام دراوە و داوا دەکرێت کە زمانی کوردی لە تورکیا بە فەرمی بناسێنرێت و لە قوتابخانەکان لەپاڵ زمانی تورکی بخوێنرێت.
لە ڕۆژئاوای کوردستانیش لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کە ئیدارەیەکی خۆجێیی دروست بووە زمانی کوردی خەریکە گەشەی پێ دەدرێ هەرچەندە لە دەستووری وڵاتی داگیرکەری ئەو پارچەیەی کوردستانیش زمانی کوردی بە فەرمی نەناسراوە.
دوای جەنگی دووەمی جیهانی و سەربەخۆیی هیندستان و پاشان دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی پاکستان، بەنگلادیش بە پاکستان لکێنرا. زمانی ئۆردوو زمانی فەرمی هەر دوو بەشی ڕوژهەڵات و ڕۆژئاوای پاکستان بوو، لەکاتێکدا بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەو کاتی پاکستان بەنگالی بوون و ناچار کرا بوون کە زمانی ئوردوو بەکار بێنن و لە زمانی بەنگالی کە زمانی دایکییان بوو بێبەش کرابوون. ساڵی ١٩٥٢ ژمارەیەک قوتابیی زانکۆی داکا دژی سیاسەتی سەپاندنی یەک زمان بەسەر وڵاتەکەدا ناڕەزاییان دەربڕی و پۆلیسیش دەستی بە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران کرد و ١١ کەسی لێیان کوشت، دۆخی دەربڕینی ناڕەزایەتی تا ساڵی ١٩٥٦ بەردەوام بوو و لەو ساڵەدا دەوڵەت بە ناچاری دانی بە زمانی بەنگالیدا نا.
رێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢١ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ بڕیاری دا وەک بیرهێنانەوە و ڕێزگرتن لەو کەسانەی لەو خۆپێشاندانەدا تەنیا بە تاوانی ئەوەی داوای زمانی دایکیان کردبوو، ڕۆژکەی بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک یان زگماکی ناساند و ئامانجی یۆنسکۆ ئەوە بوو پەرە بە فرەزمانی و فرە کلتووری بدات.
ئەگەر یادکردنەوە و گرنگیدان بە زمانی دایک بۆ زمانەکانی تری زیندووی جیهان جێی بایەخ بێت ئەوا بۆ کورد چەند هێندە گرنگە، چونکە زمانی کوردی هاوشێوەی نەتەوەکەی بەردەوام هێرشی لەسەر بووە و هەوڵ دراوە ئەو زمانە لەناو ببرێت. پاراستنی زمانی کوردی و ئاخاوتن به کوردیی پاراو، ئەرکی هەر تاکێکی کوردە و بەشێکە لە خەباتی شوناسخوازی دژی داگیرکەران.