گەرمیان گلی – هەولێر
غەفوور ئەحمەد قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، دەربارەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لەو قەزایە، دەڵێت: لە ساڵی ٢٠٢٣ كۆمەڵێك پڕۆژەی ستراتیژی گرنگ لە سنووری قەزای مێرگەسۆر جێبەجێ كراون، پڕۆژەكانیش جۆراوجۆرن و هەموو سێكتەرێكی خزمەتگوزاری لە خۆ دەگرێت. لە كەرتی تایبەتیش كردنەوەی كارگەی زووم بوو، كە یەكێكە لە كارگە هەرە باش و پێشكەوتووەكان لە بواری شیرەمەنییەكان، كە دەرفەتی كاری بۆ خەڵكێكی زۆری ناوچەكە ڕەخساندووە.
غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، گوتیشی: لە ساڵی ٢٠٢٣ هەندێك پڕۆژەی ستراتیژی بە ڕەزامەندی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە سنوورەكە جێبەجێ كراون، سەرەڕای هەموو ئەو قەیران و كێشە و گرفت و بڕینی بودجە و هەموو ئەو كێشانەی كە بۆ حكوومەتی هەرێمی کوردستان دروست كراون. یەك لەو پڕۆژانە كردنەوەی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت بوو، ئەوەی دیكە پڕۆژەی ئاوی بارزان بوو، كە ٥١ گوندی سنووری ناحیەی بارزان و بەشێكی ناحیەی گۆڕەتوو لەو پڕۆژەیە سوودمەند دەبن، كە لەبەر هەندێك كێشەی تەكنیكی و ماددی ئەو پڕۆژەیە ڕاگیرا بوو، سەرۆكی حكوومەت ڕەزامەندی دا كە جارێكی دیكە ئەو پڕۆژەیە بكەوێتە كار و ئێستا گوژمەی پێویست بۆ پڕۆژەكە تەرخان كراوە ئەو پڕۆژەیە لە كۆتایی ئەمساڵ دەكەوێتە خزمەتی هاووڵاتییانی ئەو گوندانە.
قایمقامی قەزای مێرگەسۆر دەشڵێت: لە كەرتی تایبەت كردنەوەی كارگەی زووم بوو، كە یەكێكە لە كارگە هەر باش و پێشكەوتووەكان لە بواری شیرەمەنییەكان لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، دوای كردنەوەی ئەو كارگەیە هەلی كار بۆ خەڵكێكی زۆری ناوچەكە ڕەخساوە، هاووڵاتییان دەتوانن شیری مانگاكانی خۆیان ببەنە كارگەكە و ساغ بكەنەوە، كە چەند شیر هەبێت وەردەگرێت، خەڵكێك چ بە فرۆشتنی شیر، چ بە چاندنی وێنجە و گەنمەشامی بۆ ئالیك بازاڕی بۆ پەیدا بووە.
سەبارەت بە پڕۆژەكانی بواری ڕێگاوبان و ئاو، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، دەڵێ: چەند ڕێگایەكی ستراتیژی چاككراون، لەوانە ڕێگای مێرگەسۆر-پیران، ڕێگای بابكێ، هەروەها چەندین ڕێگاوبانی گوندەكان قیرتاو كراون، یان تێكەڵڕێژ كراون، كە ئەوەش هەموو بە هاوكاری و پاڵپشتی و ڕەزامەندی سەرۆكی حكوومەت بووە، جگە لە پڕۆژەكانی ڕێگاوبان هەندێك پڕۆژەی ئاویش لە سنوورەكە جێبەجێ كراون، لەوانە پڕۆژەی ئاوی كانی بۆت، بیێ و بێخشاش و بێدیال، پڕۆژەی ئاوی ئێنەمسید و چەند گوندێكی دیكە، پڕۆژەی ئاوی كونەمار و كەونەگوند كە ئەو پڕۆژەیە یەكێكە لەو پڕۆژانەی كە نزیكەی ٢٥ گوند لێی سوودمەند دەبن، كە پێشتر بە تانكە ئاو بۆ ئەو گوندانە دەچوو.
دەشڵێت: لە بواری كارەبا سەرۆكی حكوومەت ڕەزامەندی دا كە پڕۆژەی ئاوی بەردەری ببێتە كارەبا، ئەویش بە گوژمەی سێ ملیار و حەوت سەد ملیۆن دینارە، چونكە ئێستا پڕۆژەكە بە مووەلیدە كار دەكات، لە وەرزی هاوین لە جیاتی شەش پەمپ كار بكەن، لەبەر گەرمای مووەلیدەكان تەنیا سێ پەمپ كاریان دەكرد، ئەوەش وای دەكرد كە وەكو پێویست ئاو نەگاتە هەموو گوندێك، بۆیە هەموو هەوڵێك بۆ ئەوەیە كە ئەو پڕۆژەیە بۆ مانگی ٧ تەواو ببێت تا بتوانین ئاوێكی زیاتر بگەینینە هاووڵاتییانی خۆمان كە زیاتر لە ٩٢ گوند لەسەر ئەو پڕۆژەیەنە.