گەرمیان گلی – هەولێر
دۆشاوی تەماتەی هەریر، دوای ئەوەی نێردرایە ئەمەریكا و بەریتانیا و فینلەندا و هۆڵەندا، لە ئێستادا دۆشاوی تەماتەی هەریر گەیشتووەتە سعوودیە.
هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵ ڕایگەیاند: لە سایەی پاڵپشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرهەمی ناوخۆ، لە ئێستادا دۆشاوی تەماتەی هەریر هەناردەی چەندین وڵاتی بیانی لە كیشوەری ئاسیا و ئەورووپا و ئەمەریكا دەكرێت. لە ئێستادا باری چوارەمی هەناردەكردنی دۆشاوی تەماتەی هەریر ڕەوانەی سعوودیە كراوە و پێشتریش دۆشاوی تەماتەی هەریر هەناردەی ئەمەریكا و بەریتانیا و هۆڵەندا و فینلەندا كراوە. كۆی گشتی هەناردەمان لەو وەرزەدا، زیاتر لە ١٥٠ تۆن دۆشاوی تەماتەیە كە دەكاتە پانزە هەزار كارتۆن. کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر لە سەروبەندی داخستن بوو، بەڵام بە هەوڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا کارگەکە ڕۆژانە زیاتر لە ٧٠ تۆن دۆشاوی تەماتە بەرهەم دەهێنێت و رەوانەی بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوە دەکات.
شوان حەمید، بەڕێوەبەری کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر، ڕایگەیاند: کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بازرگانان و کەرتی تایبەت بە شێوەیەکی گشتی زۆر دڵخۆشکەر بوو. پێشتر بەرهەمی جووتیارانمان وەکو پێویست ساخنەدەکرانەوە، بەتایبەت بەرهەمی تەماتە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هانی داین ئەم کارگەیە بەکاربخەینەوە و دووبارە دەست بە کارکردن بکەینەوە.
شوان حەمید دەشڵێت: هیوا دەخوازم پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جووتیاران بەردەوام بێت بۆ ئەوەی ئەوانیش لە پەرەپێدانی کارەکانیان بەردەوام بن. ئێمە ڕۆژانە لە کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر، بەرهەمی جووتیاران لە ناوخۆی کوردستان و شارەکانی دیکەی عێراق وەردەگرین. کارگەکە هەلی کاری بۆ زیاتر لە ٩٠٠ گەنجی هەریر و دەوروبەری ڕەخساندووە. زیاتر لە ٢٠٠٠ کەس بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەم کارگەیە سوودمەندە. کارگەکە ڕۆژانە زیاتر لە ٧٠ تۆن دۆشاوی تەماتە بەرهەم دەهێنێت و بەرهەمەکەیان ڕەوانەی شارەکانی کوردستان، عێراق و دەرەوەی وڵاتیش دەکرێت. بەرهەمەکە “ئۆرگانیکە، خۆماڵییە، تەنیا لە تەماتە دروست دەکرێت و هیچ ماددەیەکی دیکە لەگەڵی تێکەڵ ناکرێت. خەڵکی خۆمان لە بەرهەمەکە ڕازییە و دەڵێن، زۆر سەلامەتە و بۆ تەندروستییان زۆر باشە. لە دەرەوە خواستێکی زۆر لەسەر دۆشاوی تەمامەی کارگەی هەریر هەیە و چەند ساڵێک پێش ئێستا یەکەم کاروانی بەرهەمی دۆشاوەکەمان ناردە ئەمەریکا. دوای ئەوەی ناردمان، پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا و ئێستا بازاڕمان لەو وڵاتە زۆر باشە. لە وڵاتانی ئەوروپی، کەنداوی عەرەبیش بە گشتی خواستی زۆر لەسەر بەرهەمەکەمان هەیە و خەڵک دەیکڕێت.
لەلایەکی دیکەوە سومەیە سدیق، بەڕێوەبەری بەشی تاقیگەی کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر دەڵێ: پشکنینەکانمان کە تایبەتن بە بەرهەمی دۆشاوی تەمامە، ڕۆژانە بە چەند فێلتەرێکدا تێپەڕدەبێت. سەرەتا کە بەرهەمی تەماتە دێتە کارگەکەمان، بە چەند قۆناغێک و بەپێی ستانداردی زانستی و جیهانی پشکنینیان بۆ دەکەین.
جێگای ئاماژەیە، کارگەی ئاوی تەماتەی هەریر یەکێکە لە گەورەترین کارگەکانی قوتووبەندی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان. کارگەکە بە هەوڵی حکوومەتی هەرێم و سەرۆکوەزیران ئامێرەکانی گۆڕدران و خراوەتەوە کار. وەزارەتی کشتوکاڵ گرێبەستی لەگەڵ کارگەکەدا کردووە تا بەرهەمی نێوخۆیی جووتیاران بکڕێت. لەو کارگەیەدا دوو ساڵی رابردوو رۆژانە ١٠٠ تاوەکو ١٥٠ تۆن تەماتە لە جووتیاران وەرگیراوە و دۆشاوی تەماتە بەرهەمدەهێنرێت.