كارزان گلی – ههولێر
گورسەل تەكین، ماوەی 40 ساڵ لەنێو جەهەپەدا سیاسەتی كرد، ئەندامی سەركردایەتی بوو و بۆ چەندین خوول پەرلەمانتار بوو، بەڵام لە بڕیارێكی چاوەڕواننەكراودا دەستی لە جەهەپە كشاندەوە و گوتی، لە پەیڕەو و بەرنامەی حیزب لایانداوە. ئەم دەستلەكاركێشانەوەیەی تەكین، ئاشكرای كرد كە لەناو جەهەپەدا ناكۆكی زۆر گەورە بوونی هەیە و ئەم ناكۆكییەش كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەڵبژاردنی شارەوانییەكان دەبێت لە 31ی3ی2024.
ناكۆكییەكانی ناو جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی توركیایە، لەوكاتەوە سەری هەڵدا، كە كۆنگرەیان بەست و كەمال كلیچدارئۆغڵو، لە سەرۆكی پارت دوور خرایەوە و بە پاڵپشتی و دەستوەردانی راستەوخۆی ئەكرەم، سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ، ئۆزگوور ئۆزەل، كرایە سەرۆكی پارت.
ئەم هەنگاوەی ئیمامئۆغڵو، بەشێك لە جەهەپەییەكانی نیگەران كرد، راستە ئیمامئۆغڵو كەسایەتییەكی كاریزمای هەیە و لایەنگرێكی یەكجار زۆری لەناو جەهەپەدا هەیە، بەڵام ئەو سەركردەیەكی تازەیە و قبوڵكراو نییە لەناو ئەو كەسانەی دەیان ساڵە جەهەپەن و قوربانییان بۆی داوە.
ئیمامئۆغڵو، چاوی لەوەیە ببێتە سەركۆماری توركیا، ئەگەر لەناو جەهەپەدا قورساییەكی زۆری نەبێت، ناتوانێت لە هەڵبژاردنی 2028 خۆی بۆ پۆستی سەركۆماری توركیا بەربژێر بكات، بۆیە دەیەوێت لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ سەركەوتن بەدەست بهێنێت، پاشان ببێتە سەرۆكی جەهەپە و پۆستی سەرۆكی شارەوانیی رادەستی كەسێكی تر بكات.
یاڵچن دۆغان، نووسەری دیاری توركیا، پێیوایە ئیمامئۆغڵو، ته ماعی دەسەڵات گرتوویەتی، بەتایبەت سەركۆماری توركیا، بۆیە ئەگەر كۆنتڕۆڵ نەكرێت، سەری جەهەپە دەخوات.
لەناو جەهەپەدا، بەرەیەك دروست بووە دژایەتی ئیمامئۆغڵو دەكات، پێیانوایە بێوەفا بووە بەرامبەر بە كلیچدارئۆغڵو، چونكە ئەوە كلیچدارئۆغڵو بوو ئەوی كردە سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ، بەڵام لە پشتەوە خەنجەری لێیدا و لە پۆستی سەرۆكی پارت دووری خستەوە، بۆیە ئەو بەرەیە دەیانەوێت گورزی گەورە لە ئیمامئۆغڵو بدەن، رەنگە نەیەڵن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا ئیستانبۆڵ بباتەوە، بەمەش دووچاری شكست دەبێت و غرووری سیاسی دەشكێت و ئیدی نابێتە ئەو كەسەی قسەی لەناو جەهەپەدا بڕوات.
گوتەیەكی سیاسی هەیە دەڵێت: ”لە هەڵبژاردندا ئەوەی دەیباتەوە زیاتر یەكگرتوو دەبێت، بەڵام دۆڕاوەكان پەرتەوازە دەبن“ ئەمە بۆ ئۆپۆزیسیۆنی توركیا تەواو راستە، چونكە دوای شكستیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتیی 14ی ئایار، هاوپەیمانیی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكان هەڵوەشایەوە بەناوی هاوپەیمانیی (میللەت)، ئەمەش لە قازانجی ئاكەپە و خودی رەجەب تەییب ئەردۆغانە.
هەر پارتێكی ئۆپۆزیسیۆن لە توركیا، بەتەنیا ناتوانێت كێبڕكێ لەگەڵ ئاكەپەدا بكات، دەبێت بەهەموویانەوە ببنە بەرەیەك و ركابەری بكەن، ئەوكات ئەگەری سەركەوتنیان هەیە، نموونەش هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019یە، كە هەریەك لە پارتی خاس و هەدەپە و پارتی سەعادەت و جەهەپە، یەك بەربژێریان هەبوو، ئەویش ئەكرەم ئیمامئۆغڵو بوو و توانرا سەركەوتوو بن و پۆستی سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ لە دەستی ئاكەپە دەربهێنن. بەڵام ئێستا ئەو هاوپەیمانییە نەماوە و جەهەپە، بەتەنیا بەربژێری هەیە و دەم پارتی و پارتی خاسیش بەربژێری خۆیان هەیە بۆ ئیستانبۆڵ، بۆیە پێشبینییەكان بۆ ئەوەن، ئەمجارەشیان ئاكەپە سەركەوتوو بێت، بەتایبەت لە ئیستانبۆڵ، چونكە ئۆپۆزسیۆن بەو پەرتەوازەییەوە، تەنیا شكستیان لێ چاوەڕوان دەكرێت نەك بردنەوە.
نووسەرێكی توركیا دەڵێت: ”ئەگەر ئاكەپە ئیستانبۆڵ بباتەوە، سەركەوتن نییە بۆ ئەوان، بەڵكوو دەبێت بڵێین ئۆپۆزسیۆن لە توركیا دۆڕاوە، بۆیە ئەوان دەیبەنەوە“