دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

دەم پارتی شكستی هەڵبژاردنی 14 ئایار لەبیر دەنگدەریكورد دەباتەوە؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 14ی ئایاردا، دەم پارتی یەك ملیۆن دەنگ كەمی كرد، بەبەراورد بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2018، كە ئەوكات لەژێر ناوی هەدەپە چوونە هەڵبژاردنەوە. بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 31ی3ی2024، دەیەوێت ئەو شكستە لەبیر دەنگدەر بباتەوە و دەنگێكی زۆر بەدەستبهێنێت و شارەوانییەكی زۆر بباتەوە.پرسیارەكە ئەوەیە، ئایە لەم هەڵبژاردنەدا دەم پارتی بەسەركەوتوویی لێی دێتە دەرەوە؟

ئاشكرایە دەم پارتی، قورساییەكەی لە باكووری كوردستانە، واتە كاتێك دەڵێین چەند شارەوانیی دەباتەوە؟ مەبەستمانە بڵێین چەند شارەوانیی لە باكووری كوردستان دەباتەوە، چونكە لە شارەكانی رۆژئاوای توركیا، ناتوانێت ببێتە خاوەنی هیچ شارەوانییەك.
راستە زۆرترین دەنگدەری كورد لە ئیستانبۆڵە، كە یەك ملیۆن و نیو دەنگدەرە، بەڵام ئەو دەنگانە نابنە هۆی ئەوەی، دەم پارتی بتوانێت سەرۆكی شارەوانیی بباتەوە، بۆیە لە شارەكانی وەكوو (ئیستانبۆڵ، ئەنكەرا، ئەدەنا، ئەنتاڵیا و مێرسین)، دەم پارتی كلیلی بردنەوەی ئەو لایەنە دەبێت كە پشتگیری دەكات.
بەگوێرەی ئەو سیاسەتە بێت كە دەم پارتی گرتویەتییە بەر، بەوەی بەربژێری خۆی بۆ هەموو شارەكانی رۆژئاوای توركیا هەیە، لێرەدا بەربژێری هاوپەیانیی (كۆماریی) لەنێوان ئاكەپە و مەهەپە سوودمەند دەبن و ئۆپۆزسیۆنی توركیا زیانی پێدەگات.
پێشتر باسمان كرد، لە شارەكانی رۆژئاوای توركیا، بەتایبەت ئەو شارانەی ناومان هێنان، دەم پارتی بەربژێری هەبێت، یان پشتگیری لە هەر بەربژێرێك بكات، ئەو بەربژێرە شانسی بردنەوەی دەبێت، كەواتە هەموو پروپاگندەیەكی دەم پارتی لەو شارانە، پروپاگندەیە بۆ ئاكەپە و مەهەپە، چونكە دەنگی دەم پارتی، لە دەنگەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا كەم دەكات و بۆ ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا و مێرسین و ئەنتاڵیا، بەربژێری دیاری كردووە.
رەنگە رێككەوتنێكی ژێربەژێر لە نێوان ئاكەپە و دەم پارتی هەبێت، بەوەی بەربژێریان لە ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا و مێرسین هەبێت، لە بەرامبەردا ئەوانیش شارەوانییەكانی دەم پارتی قەیووم ناكەن لە باكووری كوردستان و هەروەها دەنگۆی ئەوەش هەیە، كە پرسی چارەسەری بهێنرێتەوە بەرباس.
هێنانەبەرباسی پرسی چارەسەری سوپڕایز نییە، چونكە دەیان نموونە هەن كە رەجەب تەییب ئەردۆغان، زۆر توند بووە بەرامبەر بە بابەتێكی سیاسی، پاشان لێی پەشیمان بووەتەوە و نەرمی نواندووە. بۆ نموونە، ئەردۆغان بەدەنگی بەرز رەخنەی لە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر دەگرت و بە دیكتاتۆر و كودەتاچی ناوی دەبرد، بەڵام بینیمان دوای 11 ساڵ دژایەتیكردنی سیسی، چووەوە بەردەم سیسی و لە قاهیرە دەستی خستە ناو دەستی.
بۆیە دوور نییە بەهۆی رێككەوتنێكی ژێربەژێر و لەبەرامبەر ئیستانبۆڵ، پرسی چارەسەری بهێنرێتەوە بەرباس.
دەم پارتی چەند شارەوانیی دەباتەوە؟
دەم پارتی چاوی لەوەیە، گەورە شارەوانییەكانی وەكوو ئامەد و روحا و قارس بباتەوە، هەروەها مێردین و شرناخ و جیزرە و هەكاریش بباتەوە، جیا لەو شارانە، 100 شارەوانیی شارۆچكە و شارەدێی تر بباتەوە.
ئەگەر ئەو سەركەوتنەی بەدەست هێنا، شكستی هەڵبژاردنی 14ی ئایار دادەپۆشێت و بەقورساییەكی زۆرەوە دێتەوە ناو كایەی سیاسی توركیا و رەنگە ئەوكات حیسابێكی زۆر گەورەی بۆ بكرێت، بەتایبەت كاتێك ئاكەپە بتوانێت شارەوانیی ئیستانبۆل بباتەوە، چونكە ئەگەر موراد كوڕووم، بەربژێری ئاكەپە و مەهەپە، شارەوانیی ئیستانبۆڵ بباتەوە، بەهۆی دەم پارتییەوە دەبێت، ئەمەش كاریگەریی ئەرێنی لەسەر پەیوەندیی نێوان ئاكەپە و دەم پارتی دەبێت.
سەلاحەدین دەمیرتاش، راستی فەرموو كاتێك گوتی، بۆ بەرژەوەندی كورد و پارت، ئاساییە دەست بخەینە ناو دەستی ئاكەپە و رێككەوتنی لەگەڵدا بكەین.