کۆبوونەوەی تایبەت بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێهات و سەرۆکایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لەگەڵ نوێنەری یۆنامیی و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەخت لە بەڕێوەبردنی پرۆسەیەکی پاک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە.
لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری یۆنامی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی ئامادەکاریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆ بوونەوە.
لەلایەن خۆیانەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیيی تەواویان بۆ ئاسانکاری و هاوکاریکردنی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بە شێوەیەکی شەفاف و پیشەییيانە دەربڕی.
لە کۆبوونەوەکەدا، کۆمسیۆن باسی رێکارە تەکنیکییەکان و دابەشکردنی کات بۆ هەنگاوەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان لە چوارچێوەی کاتی بەردەستی یاسایيی تەمەنی کۆمسیۆندا خستەڕوو، لە هەمانکاتدا نوێنەری یۆنامیش ئامادەیی نیشاندا، کە هاوکاری هەموو هەنگاوەکان بن بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن.
سەرۆکایەتی هەرێم ئاماژەیداوە، له كۆبوونهوهكهدا جهختكرايهوه، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە رابردوودا هەنگاوی جدییان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ههڵناوه و ئەرکی ياساييى خۆیان بەجێگەیاندووە، ئێستاش بە هەمان پەرۆشی و رژدييهوه هەموو کارێکی پێویست ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.