هەنگوینی هەناردەكراوی كوردستان، لە پێنجەمین پێشانگەی هەنگوین لە شاری دەوحەی پایتەختی وڵاتی قەتەر نمایش دەكرێت و خواستێكی زۆری لەسەرە؛ ئەو پێشانگەیە لە 10ی شوباتی 2024 دەستی پێ كردووە و تاكوو 19ی شوبات بەردەوام دەبێت.
دڵشێر بەردەڕەشی، شرۆڤەكاری باڵا لە تیمی كشتوكاڵیی نووسینگەی سەرۆكوەزیران، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند، “دوای هەناردەكردنی هەنگوینی كوردستان لە مانگی 11ی 2023، لایەنی حكومیی قەتەر چەندینجار پشكنینی جۆرێتیی هەنگوینی كوردستانی كردووە و بە سەركەوتوویی لە هەموو تاقیكردنەوەكان دەرچووە؛ لەو چوارچێوەیەدا ئێستا لە پێشانگەی هەنگوین كە 23 وڵات و 100 كۆمپانیای جیاجیای جیهانی تێیدا بەشدارن، هەنگوینی كوردستان نمایش دەكرێت و خواستێكی زۆری كڕیارانی لەسەرە”.
بە سەرپەرشتیى ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پاڵپشتیی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و نووسینگەی سەرۆکوەزیران، پرۆسەی هەناردەكردنی هەنگوینی كوردستان لە مانگی 11ی 2023 بۆ وڵاتی قەتەر دەستی پێ كرد.
پێشتریش، لە شانزەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی هەنگەوانانی ئاسیا لە وڵاتی سعودیە بۆ ساڵی 2023، پێشبڕکێی باشترین هەنگوینی ساڵ لە نێوان وڵاتانی ئاسیا و وڵاتانی عەرەبی بەڕێوە چوو و تێیدا هەنگوینی كوردستان پلەی یەكەمی بەدەست هێنا.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری