دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

میلیشیاکان نووسینگەی ساختەکاریان لە نەینەوا داناوە

گرووپ و میلیشیا شیعییەکان ئابووری پارێزگای نەینەوایان لە بەرژەوەندی خۆیان قۆرخکردووە و، کۆمەڵێک نووسینگەی ساختەکاریان داناوە بۆ گۆڕینی رەگەزی زەوییەکان و مامەڵەکردن پێیانەوە.

سەرەڕای بەڵێنەکانی حکومەتی عێراق بۆ راگرتنیان لە پێشێلکارییە یاساییەکان لە پارێزگای نەینەوا؛ میلیشیا شیعییەکان بەردەوامن لە قۆرخکردنی ئابووری پارێزگاکە ئەویش بە دروستکردنی نووسینگەی زیاتری ئابووری. ئەم نووسینگانە ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن لە دەسکەوتی دارایی نایاسایی لە ڕێگەی مامەڵەی ساختەکاری یاساییەوە.

لە ماوەکانی رابردوودا دەستەی دەسپاکی فیدڕاڵی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی پەیوەست بە دوو هەزار و 888 موڵک کردووەتەوە کە لەلایەن نووسینگەکانی ساختەکاری سەر بە میلیشیاکان مامەڵەیان پێوەکراوە. دەستەی دەسپاکی فیدڕاڵی روونیکردووەتەوە، میلیشیاکان سەرکەوتوو بوون لە گۆڕینی رەگەزی هەزاران زەوی لە تۆمارەکانی تۆماری خانووبەرەدا و پاشان مامەڵەکردن پێیانەوە.

هەروەها ئەسیل نوجێفی، پارێزگاری پێشووتری نەینەوا رایگەیاندبوو، میلیشیاکان لە ماوەی پێنج ساڵدا بەبڕی سێ ملیار دۆلار کە دەکاتە زیاتر لە پێنج ترلیۆن دینار مامەڵەی نایاسایی و قاچاخچێتیان بە بەرهەمە نەوتییەکان لە کێڵگەی نەجمە کردووە کە ئەو بڕە یەکسانە بە بودجەی چوار ساڵی ئەم دواییەی خزمەتگووزاری شارەکە.

بەگوێرەی گوتەکانی نوجێفی، “ئەم بڕە پارەیەی کە نووسینگە نایاساییەکانی میلیشیاکان دەستیان کەوتووە، بەشی دروستکردنی 5400 نەخۆشخانە لە مووسڵ، 10 نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لە ناوچەکانی دەوروبەری و فڕۆکەخانەیەک کە توانای لەخۆگرتنی یەک ملیۆن گەشتیاری لە ساڵێکدا هەیە، دەکات. هەروەها پڕۆژەی دروستکردنی 500 قوتابخانە و چەندین پڕۆژەی دیکەی پێ جێبەجێ دەکرێت”.

عەبدولقادر دەخیل، پێش ئەوەی ببێتە پارێزگاری  نەینەوا، لەبارەی ئەو نووسینگانە رایگەیاندبوو،  “زۆرێک لە بەرپرسانی نەینەوا پۆستەکانیان بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی بەشداربن لە  دەست بەسەر داگرتنی پڕۆژەکان و زەوییەکان لە بەرژەوەندی خۆیان بێ ئەوەی بیر لە ژێرخانی شارەکە بکرێتەوە”.