چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

تەوەرێکی کۆبوونەوەی نێچيرڤان بارزانى و كاميرۆن؛ هێرشەکانی سەر هێزەکانی هاوپەیمانان بوو

به‌يانيى ئه‌مڕۆ شه‌ممه،‌ 17-02-2024، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ كۆنفرانسى ئاساييشى ميونشن له‌ ئه‌ڵمانيا، له‌گه‌ڵ ده‌يڤد كاميرۆن، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، بە گوێرەی راگەیەندراێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هەردوولا “ده‌رباره‌ى دوايين پێشهات و ئاڵنگارييه‌ ئه‌منييه‌كان له‌ عێراق و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كانيان، هه‌ڵبژاردن و دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، گفتوگۆيان كرد”.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “هه‌ردوولا ديد و تێڕوانينى خۆيان له‌سه‌ر پێشهاته‌ ئه‌منييه‌كان و به‌ئامانجگرتنى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و كاردانه‌وه‌يان، شه‌ڕ له‌ غه‌ززه‌ و دۆخى شڵه‌ژاوى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست خسته‌ڕوو. له‌مباره‌يه‌وه‌ جه‌ختيان كرده‌وه‌ كه‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى زياترى ئاڵۆزييه‌كان، مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌ى جددى له‌سه‌ر سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌ دروست ده‌كات”.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هاريكاريى هاوبه‌شى به‌ريتانيا و هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ئه‌منى و سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، مه‌ترسييه‌كانى داعش له‌سه‌ر عێراق و سووريا و پرسى كۆچى ناياسايى، باس كران.

وەکو ئەوەی خراوەتەڕوو، “وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيا پابه‌نديى وڵاته‌كه‌ى به‌ به‌رده‌واميى هاوكارى و پشتگيرى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان دووپات كرده‌وه‌. لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ستايشى پشتگيرى و هه‌ڵوێستى به‌ريتانياى به‌رامبه‌ر‌ به‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد”.