ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تاوەکوە ئەمڕۆ پێنجشەممە (15ی شوباتی 2024) لە سنووری پارێزگای هەولێر 372 ملم بارانباریوە، بۆیە دەتوانین بڵێین وشکەساڵیمان تێپەڕاندووە.
گوتیشی: ئەمساڵ وشکەساڵی ژیگەییمان تێپەڕاندووەو ئەوەی ماوەتەوە وشکەساڵی هایدرۆلۆژییە، کە لە کۆتایی وەرزی بارانبارین پێوانە دەکرێت، بەڵام ئەنجامەکانی زۆرباشن و جێگەی گەشبینییە و دەتوانین بڵێن ئەم وشکەساڵیمان تێپەڕاندووە.
هەروەها وشکەساڵی کۆمەڵایەتی، کە دەبێتە هۆکاری شوێنگۆڕکێی مەڕدار و کۆچەرییەکان و چۆلبوونی گوندەکان، ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای هەولێر نەگەیشتووینەتە ئەم حاڵەتە و وشکەساڵی کاریگەریی نەبووە.
ئومێد خۆشناو گوتیشی: بەگوێرەی رووپێوی زانستی سنووری پارێزگای هەولێر بۆ تێپەڕاندنی وشکەساڵی پێویستی بە بڕی 400 ملم بارانبارین هەیە، بەڵام تاوەکوو ئەمڕۆ پێنجشەممە بڕی 372 ملم باران لە سنووری پارێزگای هەولێر باریوە، لە ناوچە شاخاوییەکانیش رێژەکە گەیشتووەتە 600 ملم، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەمساڵ وشکەساڵی نابێت، چونکە وەرزی دابارین تاوەکوو مانگی پێنج بەردەوام دەبێت.
هەروەها رایگەیاند، سەرەڕای قەیرانەکان، بەڵام بە خەرجکردنی 40 ملیار دینار لەسەر فەرمان و پشتیوانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوو ساڵی رابردوو چەند پرۆژەیەک جێبەجێکراون، بەمەش مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو نەماون.
گوتیشی: بۆ ئەمساڵیش بڕی 18 ملیار و 500 ملیۆن دیناری دیکە رەزامەندی لەسەر دراوە بۆ جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی دیکە لە داهاتوودا.
پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند، لە سنووری پارێزگای هەولێر 24 پۆند لە جێبەجێکردندان، کە چوار پۆندیان %100 تەواوبوون، سەرجەمیان بۆ گلدانەوەی ئاوی باران و نەهێشتنی مەترسییەکان لافاوە، سوودیشیان بۆ زیادکردنی ئاوی ژێر زەوی دەبێت.