وتارەكەی سەرۆکی حکوومەتی کوردستان

عارف ڕوشدی

لە کوبونەوەی لوتکەی ساڵانەی حکوومەتەکاندا لە وڵاتی ئیمارات، بە داواتنامەیەکی فەرمی میری ئەو وڵاتە هێژا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان شان بەشانی دەیان سەرۆکی دیکەی وڵاتان بەیاوەری شاندنێک بەشدار بوو. لەو کوڕبەندەدا وتارێکی گشتگیری گرنگ و سەرنجراکێشی پێشکەشکرد، لە چەندین ڕوژنامە و پێگەی ڕوژنامەوانی و لێدوانی زۆرێک لە بەشداربووەکاندا ڕەنگدانەوەی هەبوو. بە ڕیزبەندییەک چەند خاڵیکی کاریگەر لە بارەی ئالنگارییەکانی بەردەم کۆمەڵگای نیودەوڵەتیدا گرتبووەخۆ وەک ئالنگاری(سیاسی، ئاسایش، ئابوری و کەشوهەوا) سەبارەت بە ئالنگاری سیاسی و ئاسایش ؛ ئاماژەی کرد بە دوو کێشەی هەرە هەستیاری ڕوژهەلاتی ناوەراستی (کێشەی فەلەستین و کێشەی کورد) و ئەو ڕاستییە مێژووییەی خستەڕوو : تا ئەو دوو کێشەیە لە سەر بنەمای پرەنسیپی (مافی چارەی خۆنووسین) وەک یاسایەکی دانپێدراوی نەتەوەیەکگرتووەکان چارەسەرنەکرێن، حکوومەت و گەلانی ناوچەکە لە سەقامگیری(سیاسی، ئاسایش و ئابوری) دوورە پەرێز دەبن و نەهامەتییەکان بەردەوام دەبن.
خستنەڕووی ئاراستەی تەندروست و بنەرەتیانەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە عێراقدا لە چوارچێوەی پرینسیپی(مافی چارەنوس) گواستنەوەیەکی چۆنایەتییە لە گوتاری سیاسی هەرێمی کوردستاندا، لە بواری کۆتاییهێنان بەو ستەمە مێژووییەی لە ئاستی گەلەکەماندا پیادەدەکرێت، لە هەمان کاتدا زەنگێکی هۆشیارکەرەوەیە بۆ دەسەلاتدارانی ئیمرۆی عێراق بۆ ئەوەی شێلگیرانە بە سیاسەتە نالەبارەکانیاندا بچنەوە و ماف و ئەرکەکانی گەلەکەمان وەک چۆن لە دەستوری عێراقیدا بەرجەستەکراون بخرێنە بواری جێبەجیکردنەوە دوور لە مانۆری قێزەوەنی پاساوهێنان و چەوساندنەوەو باڵی دەستی خۆسەپێنەر.
پێویستە هەمو هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئەوانەی ڕاستگون لە گەڵ (گەل و نیشتیمان، ئاین و دونیادا) پشتیوانی بێ مەرجی گوتارە ڕەوا و سەرکەوتووانەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن و، دەروازەیەک بێت بۆ کاری پێکەوەیی و، بە یەکڕیزی ڕووبەڕووی پێشیلکاری و مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێمەکەمان ببنەوە .

ھەواڵی زیاتر