زیندانی ناخ

حەمەسەعید حەسەن

جوانی تایبەت نییە بە ڕووخسار و بەژنوباڵا، لە ناخماندایە، دەبێت لە هەوڵی ئەوەدا بین، بیهێنینە دەرەوە. لە دەروونی هەر یەکێکماندا، ئیدی چ پیاو بین، چ ژن، گەنجینەیەکی شاراوە لە بەهرە هەیە، جیاوازیی نێوانمان لەوەدایە، بەشێکمان ئەو گەنجینەیە دەدۆزینەوە، دەیخەینە گەڕ و لێی سوودمەند دەبین و بە هۆیەوە خزمەتی ئەوانی تریش دەکەین، بەڵام بەشێکمان هەست بە هەبوونی ئەو گەنجینەیە ناکەین، ئیدی بە درێژایی تەمەنمان لە کوێرەوەریدا دەژین و ڕەوتارمان بەرانبەر ئەوانی دی زبر و دوژمنکارانە دەبێت. هەندێک جار کۆمەڵ بۆ دۆزینەوەی بەهرەکانمان کۆمەکمان دەکات و هەندێک جار، نا، بەڵام ئێمە وەک تاک خۆمان ڕۆڵی کاربڕ وازی دەکەین و دەتوانین بەهۆی بەهرەکانمانەوە، ژیانی خۆمان لە ڕیشەوە بگۆڕین و ڕۆڵمان لە گۆڕینی ژیانی ئەوانی تریشدا هەبێت.

ئەم ڕێسایە وەک چۆن بۆ نێر دروستە، بۆ مێیینەیش هەر ڕاستە، ئەگەرنا ئوم کەلسووم ئەو ئەستێرە گەشەی لێ دروست نەدەبوو. زەینەب فەوواز ساڵی ١٨٥٠ لە گوندێکی دوورەدەستی لوبنان هاتە دنیاوە و سەرەتای ژیانی بە (کارەکەری) دەستی پێ کرد، بەڵام بە کۆششی خۆی، بوو بە ناوێکی ناسراوی ڕۆشنبیری و ناوبانگی بە بەیرووت و قاهیرەدا بڵاو بووەوە. ئەو ژنانەیشی کە وا دەردەکەوێت، خاوەنی هیچ بەهرەیەک نەبن، ئەوە بەخت یاوەریان نەبووە، یان ڕاستتر، هەلیان بۆ نەڕەخساوە، ئەگەرنا لە ناخی ئەوانیشدا کانێک لە زێڕ هەیە.

لە سەدەی ڕابردوودا، لەو باکووری ئەفریکایە، ئەو پیاوانەی خۆیان بە نیشتمانپەروەر زانیبا، لێ دەگەڕان ژن و کیژیان، بە پۆشاکی خۆرئاوایییەوە بچنە دەرەوە. قاسم ئەمین کتێبی (ئازادکردنی ژن)ی لە ١٨٩٩ دا بڵاو کردەوە، ئەوسا بابسالاران پێیان وابوو، ئەگەر ژنی جوان ڕووی خۆی دانەپۆشێت، پیاو بەرگەی بینینی ناگرێت و لە هۆش خۆی دەچێت. کەواتە لە سۆنگەی لاوازیی پیاوەوە، دەبوو ژن خۆی بشارێتەوە! کەموکوڕییەکە هی پیاو بوو، دەبوو ژن باجەکەی بدات! (ڕێگەی ژیان سەختە، دەبێت هەوڵی تەختکردنی بدەین.) لە کۆتاییدا ئەو ژنانە گرەو دەبەنەوە کە ئەو دروشمە پێڕەو دەکەن. کارەسات ئەوەیە، ژنان لە ناخیاندا زیندانێک ڕۆ بنێن و خۆیانی تێدا بەند بکەن، ئاخر ئەوسا وەک مەحاڵ وایە، بتوانن لەو زیندانە هەڵێن کە لە ناخیاندا ڕۆیان ناوە.

جاران لە زۆر شاری وڵاتانی ئیسلامی، گەڕەکی جووەکان جیابوو، هەنووکەیش لە زۆر شاری ئەمریکا، گەڕەکی ڕەشپێستەکان جیایە، جیاکردنەوەی ژن لە پیاویش، هەر چەشنێکە لەو جیاکارییانە و دەکەوێتە خانەی سووک سەرنجدانی ئەوانی دیکەوە. بەندکردنی ژن لە چوارچێوەی ماڵدا، وا دەکات خونچەی بەهرەی وەک پێویست نەگەشێتەوە، ئاخر ئینسان بە هۆی چوونە دەرەوە و سەفەر و دنیابینینەوە، ئاوەزی گەشە دەکات. بابسالار بۆیە ژن لە حەریمدا زیندانی دەکات، بۆ ئەوەی عەقڵی نەکەوێتە گەڕ، ئاخر ئیشی بە عەقڵی مێ نییە، خەیاڵی لای جەستەیەتی.

مەسعوودی، کتێبێکی هەیە، ناوی لێ ناوە: مروج الذهب، تێیدا دەڵێت: (بەهۆی مانگەوە، ڕووەک گەشە دەکات، میوە پێ دەگات، ئاژەڵ گۆشت دەگرێت و ژن مانگی جارێک خوێنی لەبەر دەڕوات.) بە گوێرەی کولتووری بابسالاری، ژن مانگی جارێک سزا دەدرێت، سزای ئەو تاوانەی کە بە مێ خوڵقاوە، ئەو سزایە، خوێن لەبەر ڕۆییشتنی مانگانەیە و لە مەغریب، (باجی مانگانە)ی پێ دەڵێن، نەک بێنوێژی، یان سووڕی مانگانە. لە زمانی عەرەبیدا، قەمەر کە بە مانای مانگ دێت، هەم بۆ ناوی پیاوان دەست دەدات و هەم بۆ هی ژنانیش. لە هەزار و یەکشەوەدا، میرێک هەیە، خۆی ناوی قەمەر ئەززەمانە و ژنەکەیشی ناوی (بدور)ە، کە کۆی بەدرە و بە مانای مانگی چواردە دێت.

دنیا بەم شێوەیەی ئێستای دنیایەکی پۆخڵە، بە بەشداریکردنی ژنان لە گۆڕینیدا، هەم پاکژ دەبێتەوە و هەم دیوار و سنووری تێدا نامێنێت. بابسالاران لەگەڵ ئەوەدان توند خۆمان بە دابونەریتەوە شەتەک بدەین و هەموو یاخیبوونێک لە کەلەپووری باب و باپیران، بە ناشیرین و خراپ لە قەڵەم دەدەن. لەو ڕوانگەیەوە، ژن هەر دەبێت لەنێو ماڵدا قەتیس ببێت و لەپێناوی بەختەوەریی خێزاندا، بیر لە هیچ تازەگەرییەک نەکرێتەوە، ئاخر گوایە ماقووڵ نییە، نەوەی نوێ، لە هەموو نەوەکانی پێشووتر، بەئاوەزتر بێت!

(جووتێک تاوس، هەستیان دەکرد، ئازادییان لێ زەوت دەکرێت و بەردەوام مەترسی لەسەر ژیانیان زیاتر دەبێت، بۆیە بڕیاریان دا، ژینگەی خۆیان بەجێ بهێڵین و ئیدی لە شەققەی باڵیان دا و لە دوورگەیەک نیشتنەوە لە بەهەشت دەچوو…) ئەوە یەکێکە لەو چیرۆکانەی شەهرەزاد بۆ شەهرەیاری دەگێڕێتەوە. تاوس لەوێدا ژنە کە دەبێت بەردەوام بەدوای هەلومەجی گونجاوتردا بگەڕێت و مل بۆ سەختییەکانی ژیان کەچ نەکات، ژنێک کە هاوسەرێک هەڵببژیرێت، بۆ دۆزینەوەی دوورگەی دڵگیر و گونجاو، هاوسەفەری بێت، هاوسەرێک بۆ خەبات لە ڕێی ئازادی و یەکسانیدا، هاندەری بێت، نەک لە زیندانی کەلەپووردا بەندی بکات و دەرگەی ماڵی لەسەر کڵۆم بدات.

هەنگاوی یەکەم ئەوەیە، خاوەنی خەون بین، ڕاستە دنیا بە خەون نایەتە گۆڕین، وەلێ پاراستنی شکۆمەندیمان لە خەونبینیەوە دەست پێ دەکات. خەونبینین ئەوەیە، قایل نەبین سووکایەتیمان پێ بکرێت و خەیاڵمان لای جیهانێکی جوان و دادپەروەرانە بێت. ژیان ئەوە نییە هەناسە بدەین، ژیان ئەوەیە هەست بکەین، شنەی جووڵەی زەمەن، خوتووکەمان دەدات. ژن کە زیندانی حەریم ڕەت دەکاتەوە، پێویستە ڕەشماڵ و کۆنەهەواریش ڕەت بکاتەوە، بە گژ ڕابردوویشدا کە دنیای مردووانە بچێتەوە و چاو ببڕێتە دنیایەکی تازە و ژینگەیەکی ئازاد. سنوورێک هەیە، دنیا دەکات بە دوو بەشەوە، بەشێکی بۆ بەهێزان و بەشێکی بۆ لاوازان. لاواز ئەو کەسەیە، لە هەوڵی ئەوەدا نییە، خۆی لەو زیندانە ڕزگار بکات کە بە دەستییەوە گیرۆدە بووە.
*
(١) فاطمة المرنیسی، أحلام النساء الحریم، ترجمە: میساء سری، مراجعە: محمد المیر أحمد، ورد للطباعە والنشر والتوزیع ١٩٩٧ دمشق.
(٢) جیفری بارندر، الجنس فی أدیان العالم، ترجمە: نورالدین البهلول، ص ٢٥١ دار الکلمة ٢٠٠١ دمشق.

ھەواڵی زیاتر