حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق: لە ڕێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان نزیکین

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

وەزیری نەوتی عێراق، ڕایگەیاند: گفتوگۆیەکان لەگەڵ ئەو کۆمپانیا جیھانیانەی کە لە ھەرێمی کوردستان نەوت بەرھەم دەھێنن بەرەو پێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە و لە ڕێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان نزیکین.

لە ٢٥ـی ئاداری ٢٠٢٣ـەوە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جیھانی تورکیا ڕاگیراوە، لە کاتێکدا بەگوێرەی یاسای بودجە، دەبێت ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکات بەمەبەستی ھەناردەکردنی یان بۆ بەکارھێنانی نێوخۆیی، ئێستە عێراق ڕۆژانە سێ ملیۆن و سێ سەد و پەنجا ھەزار تاوەکو سێ ملیۆن و چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات.
ڕۆژی سێشەممە ٤ـی نیسانی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ھاوبەش ئیمزا کرا، ئەو کات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھیوای خواست، ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی و لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێت و ببێتە بنەمایەکی باش بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز، بەڵام زیاتر لە دە مانگ بەسەر ئەو ڕێککەوتنەدا تێدەپەڕێت و تا ئێستە حکوومەتی عێراق جێبەجێی نەکردووە.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، دەڵێت: گفتوگۆیەکانی وەزارەتی نەوت لەگەڵ ئەو کۆمپانیا جیھانیانەی کە لە ھەرێمی کوردستان نەوت بەرھەم دەھێنن بەرەو پێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە و لە گەیشتن بە ڕێککەوتن نزیک بووینەتەوە.
وەزیری نەوتی عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد: دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دەستپێکردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێم.

ھەواڵی زیاتر