سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لە هەریر بە گوژمەی زیاتر لەشەش سەد ملیۆن دینار خزموتگوزاری پێشکەش دەکرێت

گەرمیان گلی ـ هەولێر

لەناحیەی هەریری سەر بە پارێزگای هەولێر، بە گوژمەی شەش سەد و نەوەد و هەشت ملیۆن و چوارسەد و بیست و هەشت هەزار و حەوت سەد و پەنجا دینار، ڕەزامەندی درا لەسەر پرۆژەی قیرتاوکردن و کۆنکرێت کردنی چەند کۆڵانێک لە گەڕەکی فرەنسۆ هەریری، تۆڕی ئاوی و دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەی لە هەمان گەڕەک.

شێروان جەلال بەگ، بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر دەڵێ: پڕۆژە خزمەتگوزاریەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سنوورەکەمان بەردەوامن و یەکێک لە داواکاریە لە مێژینەکانی دانیشتوانانی گەڕەکێک جێبەجێ دەکرێن.
بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر دەڵێتیش: بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رەزامەندی درا لەسەر پرۆژەی قیرتاوکردن و کۆنکرێت کردنی چەند کۆڵانێک لە گەڕەکی فرەنسۆ هەریری، تۆڕی ئاوی و دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەی لە هەمان گەڕەک بە گووژمەی(٦98،٤٢٨،٦٩٨)دینار. لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی هەریر لەسەر خەت دەبین بۆ ئەوەی لە نزیکترین کات ئەم پڕۆژە گرنگە بکەوێتە بواری جێبەجێ کردن، جەختیش دەکەینەوە کە ئەمساڵ پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە دەڤەرەکەمان جێبەجێ بکەین.
هەر لەمبارەیەوە، لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر، دەست كراوە بە جێبەجێکردنی پرۆژەی چاككردن و كۆنكرێتكردنی كۆڵانەكانی گەڕەكی باتاسی كۆن، لە سنووری ناحیەی هەریر، سەر بە قەزای شەقڵاوە.
بێوار عەدنان، سەرۆكی شارەوانیی ناحیەی هەریر ڕایگەیاند: لە بەردەوامی كارو پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەست كراوە بە چاككردن و کۆنکرێتکردنی شەقام و کۆڵانەکانی باتاسی کۆن لە سنووری ناحیەی هەریر، كارەكانی پرۆژەكە لە قۆناغی سەرەتاییدایە و كاركردن تێیاندا بەردەوام دەبێت. پرۆژەكە لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر، بە شێوەی بەڵێندەرایەتی جێبەجێ دەکرێت، بە تەواوكردنی خزمەتێكی زۆر بە دانیشتووانی سنوورەكە دەگەیەنێت.
جگە لەو پڕۆژانە، چەندین پڕۆژەی گرینگ لەو ناحیەیە بڕیاری جێبەجێکردنی دراوە، بە گوژمه‌ی نزیكه‌ی چوار سەد ملیۆن دینار شارەوانیی هەریر كۆڵانەكانی دوو گەڕەك كۆنكرێت دەكات، لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی پەرەپێدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و خزمەتكردنی هاووڵاتییانی شارۆچكەكە، شارەوانیی هەریر بە گوژمەی سێ سەد و هەشتا و حەوت ملیۆن و حەوتسەد هەزار دینار پڕۆژەیەكی كۆنكرێتكردن و دروستكردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لە سەنتەری ناحیەی هەریر جێبەجێ دەكات. پڕۆژه‌كه‌ پێكهاتووە لە كۆنكرێتكردنی گەڕەكەكانی شێروانە و سەرتیش لە سەنتەری ناحیەی هەریر كە ٢٠٠٠٠ مەتر دووجا كۆنكرێتكردن و ١٦٠ مەتر ئاوەڕۆی لوولەیی لەخۆ دەگرێت، بەهۆیەوە تەواوی كۆڵانەكانی ئەم گەڕەكانە لێی سوودمەند دەبن و ئاستی خزمەتگوزارییەكانی شارۆچكەكە بەرز دەكاتەوە.
بێوار عەدنان كانتین، سەرۆكی شارەوانیی ناحیەی هەریر دەڵێ: حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێگەی دەستخۆشیكردنە كە بە شێوەیەكی بەرفراوان پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی خستووەتە گەڕ بۆ خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان، لە سنوورەكەشمان چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە جێبەجێكردندان، هەروەها ژمارەیەك پڕۆژەش لە بەرنامەی پلان و جێبەجێكردنن.
دەشڵێت: ڕەزامەندیی خەرجكردنی هەشتسەد ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر بە شێوەی بەڵێندەرایەتی بۆ ئەنجامدانی ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری و كۆنكرێتكردنی تەواوی كۆڵانەكانی گەڕەكی مامساڵان لە سەنتەری ناحیەكەمان، هۆكارێكی گرنگ دەبێت بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە هاووڵاتییان.
ناحیەی هەریر لە ڕووی كارگێڕییەوە سەر بە قەزای شەقڵاوەیە لە سنووری پارێزگای هەولێر، ڕووبەرەكەی ٥٦٠ كم دووجایە و نزیكەی ٩٩ گوندی هەیە، دەشتی هەریر یەكێكە لە دەشتە بەناوبانگەكانی سنووری پارێزگای هەولێر.