دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئاوارەکان لە مامەڵەی حکوومەتی عێراق ناڕازین

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەو ئاوارانەی لە ھەرێمی کوردستان دەژین دەڵێن، ماڵ و زەوییەکانمان لەلایەن گرووپە چەکدارەکان داگیر کراوە، گلەییش لە حکوومەتی عێراق دەکەن کە ھاوکاریان ناکات و کار لەسەر ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچەکانیان ناکەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. وەزارەتی کۆچبەرانی عێراقیش سێ بژاردە بۆ ئاوارەکانی ھەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو.

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بیست و چوار کەمپ لە ھەرێمی کوردستان ھەن، نزیکەی سی و پێنج بۆ سی و حەوت ھەزار خێزانی ئاوارە لە کەمپەکاندا ھەن.
لە کاتی ھاتنی داعش بۆ مووسڵ و دەوروبەری ئەو کوردانەی لە مووسڵ بوون کە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونە و لە کەمپەکاندا دەژین ژمارەیان زیاتر لە سێ سەد خێزان دەبن، ئەوان حەزناکەن بگەڕێنەوە و دەیانەوێت ھەر لە ھەرێمی کوردستان بژین، چونکە وەکو ئاوارەکان دەڵێن، ئەو شوێنانەی پێشتر ئەوان لێ بوون داگیر کراون و حکوومەتی عێراقیش ھاوکاری ئەوان ناکات.
حەسەن خدر، زیاتر لە دە ساڵە لە یەکێک لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان دەژیت، وەکو خۆی دەڵێت: ھەر کاتێک باو و باران بێت دەبێت خێمەکانی خۆمان توند بکەینەوە، ئەگەرنا با دەیبات، ئێستەش حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە دەبێت تا مانگی حەوت بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو شوێنەی ئێمە پێشتر لێ بووین لە مووسل خانووەکانی ئێمە خراپ کراون و ھیچ شوێنێکمان نەماوە بۆی بچین، بۆیە تا ئێستە نەمان توانیوە بگەڕێینەوە، حکوومەتی عێراقیش ھیچی بۆ ئێمە نەکردووە و ئامادە نییە قەرەبوومان بکاتەوە، ئەوەش وا دەکات ھەر لە ئاوارەییدا بژین و نەگەڕێینەوە.
سەعید عەبدوڵڵا، ئاوارەیەکی دیکەیە، ڕایگەیاند: ھەتا ئێستە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە ھیچ قسەیەکمان پێ نەگوتراوە و ھیچیش بۆ ئێمە نەکراوە و ماڵ و موڵکی ئێمە ھەموو داگیر کراوە، حەز دەکەین بگەڕێینەوە، بەڵام ئەمن و ئەمان لە مووسڵ نییە، گرووپە چەکداران ھەڕەشەن لەسەر خەڵکی شارەکە، خانووەکانی ئێمە خراپ کراون، لەگەڵ ئەوەی حکوومەتی عێراق لە کەمپەکان ھیچی بۆ ئێمە نەکردووە، جا چۆن لە کاتی گەڕانەوەمان ھاوکاری ئێمە دەکات.
عەلی عەباس، وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ڕایگەیاند: ھەموو کەمپەکانی تایبەت بە ئاوارەکان لە ھەرێمی کوردستان دەبێت تا ٣٠ی تەمموزی ئەمساڵ دابخرێن، بۆ ئەوەش پێش ئاوارەکان سێ بژاردە ھەیە، یەکەم، گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، دووەم، نیشتەجێبوون لەو شوێنەی کە ئێستە وەک ئاوارەکان تێیدا دەژین، سێیەمیش، ڕوو لە پارێزگایەکی تر بکەن، دواتر بە گەڕاوە دادەنرێت.