ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاندووە، ئێمە جەختمان لەسەر مافە دەستوورییەکانمان کردووەتەوە کە دەبێت کورسی پێکهاتەکان وەکو خۆی بمێنێتەوە.
ئانۆ جەوهەر، لەبارەی کورسی پێکهاتەکان و ڕێگە گرتن لە پێشێلکردنی افی پێکهاتەکانی کوردستان،، گوتی: ئێمە جەختمان لەسەر مافە دەستوورییەکانمان کردووەتەوە، کە دەبێت کورسی پێکهاتەکان وەکو خۆی بمێنێتەوە. چ هی تورکمان بێت یاخود کلدان و سریان و ئاشوور و ئەرمەنەکان بێت.
ئەوەەشی خستەڕوو،: دەبێت کورسی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردن، لەسەر ئاستی یەک بازنە بێت، هەروەها دەبێت لەداهاتوودا میکانیزمێکی باشتر بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی پێکهاتەکان بتوانن بە باشترین شێوە نوێنەرایەتی خۆیان بکەن.
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوەشکرد، هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی کە لەخولی داهاتووی پەرلەمان دەنگ بدرێت لەسەر یاساییەک، کە پێکهاتەکان لەڕێگەی ئامادەکردنی تۆمارێکی نوێی دەنگدەران، دەنگ بە خۆیان بدەن، گوتیشی: ئەگەر بۆ ئێستاش نەبێت چونکە هەڵبژاردن دوا کەوتووە، دەبێت بۆ خولی داهاتوو ئەمە بکرێت، چونکە ناکرێت لەبەر ململانێی حزبێکی دیاریکراو دەست بۆ مافی پێکهاتەکان ببرێت.
ئانۆ جەوهەر، سەبارەت بەو سکاڵایەی ئیستا لە دادگەی فیدراڵی هەیە، کە بەشێکیان تایبەتە بە ژمارەی کورسیی پێکهاتەکان، لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت: ئەو بابەتەی ئێستا کە لە دادگای فیدراڵیە ئەو مافی ئەوەی هەیە بڵێت بابەتەکە دەستوورییە یان دەستووری نییە، بۆیە ئەم بابەتە بەشێوەیەک بردرا بۆ دادگای فیدراڵی کە نەدەبوو پەنا بۆ ئەو دادگایە ببردرایە، چونکە هیچ پەیوەندییەکی بە دادگای فیدراڵی نییە.