هاودەنگ فارووق
سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ دوبەی بەمەبەستی بەشداریكردن لە لووتكەی جیهانیی حكومەتەكاندا، ڕووداوێكی گرنگ بوو، چەندین ئاماژەی گەشی تێدابوو، بابپرسین : لەدوبەی چی ڕوویدا، بۆچی هەم بەشداریكردن و ، هەمیش وتارە بەجورئەتەكەی سەرۆكوەزیران زۆر گرنگ بوون؟
لەدوو ڕوانگەوە ئەو سەردانە جێگەی بایەخ بوو، یەكەم لەڕووی دیبلۆماسی و پرۆتۆكۆڵەوە، كە تیایدا وەك سەرۆكی دەوڵەت و بەئاڵای كوردستانەوە پێشوازی لە مەسرور بارزانی كرا.
هەروەك لە ڕیزی پێشەوەی سەركردەكانی جیهان جێگەی بۆ دانرابوو، وتارەكەیشی لە یەكەم ڕۆژ و ساتە هەرە هەستیارەكەی كۆنگرەكەدا بۆ دیاری كرابوو، كە ئەمەیش دەلالەتی بایەخدانە بە پێگەو كەسایەتییە پایەبڵندەكانی جیهان. لەم سۆنگەیەوە، بارزانی وەك پیاوێكی دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵدا كراو خۆیشی وەك نوێنەری وڵاتێك پەیامی خۆی گەیاند. ئەوەش لە كاتێكدایە هێشتا هەرێمی كوردستان نەبووەتە دەوڵەتی سەربەخۆ، كەواتە مامەڵەی “فوق العادة” لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی كوردستان كراوە.
هاوكات ئەوەش گرنگترین بوو، كە بارزانی وەك نوێنەری دۆزی نەتەوەیەك وتارێكی هاوسەنگ و ئەقڵانی و دەوڵەتییانەی دا. وتارەكە پێی گوتین: هێشتا خاوەنی قەزیەین، نەتەوەیەك هەیە، وێڕای ئەوەی هەمووان باس لەمافەكانی گەلان دەكەن، بەڵام ڕێگە نادەن ئەو گەلە مومارەسەی مافی چارەی خۆنووسینی خۆی بكات.
وتارەكەی سەرۆكوەزیران لەدوبەی، وەك چرایەك بوو لەناو تەپوتۆزی تەنگژەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا . لەدوای ئەوەی بەغدا گەمارۆی ئابووری، فشاری سیاسی و ئەمنی پێڕەو كرد، بۆ ئەوەی كورد جارێكی دی بیر لەمەسەلەی مافی چارەی خۆنووسین نەكاتەوە.
سەرۆكوەزیران بەڕووی سەركردەكانی جیهان گوتی: ڕێگەنادەن كورد مافی چارەی خۆنووسینی مومارەسە بكات.
ئەو هەموو فشارەی داگیركەر، ناكاتە ئەوەی كورد دەستبەرداری مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی خۆی ببێت.
هەموو گرەوەكانی داگیركەر، تۆزی دەم بان… كورد هەر دەبێت بگاتە سەربەخۆیی.. مانەوەی ئەو گوتارە، هێشتنەوەی كێشەكە وەك ئامانجێك، خاڵێكی گرنگ و جێگەی دەستخۆشییە.
ئاخر لەدوای ڕووداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەرو، ئەو هەموو ستەم و گوشارەی خرانە سەركورد، دەستەڵاتدارانی عێراق پێیان وابوو جارێكی دی كورد زات ناكات باسی مافەكانی بكات. كەچی مەسرور بارزانی وێنەكەی پێچەوانەكردەوەو، هەموو سەركردەكانی جیهانی لەبەردەم پنتێكی ڕاستەقینەدا ڕاوەستاند و گوتی: ئێمەی كورد داوایەكی ڕەوامان هەیە!.
هێشتا ئەو دەستەواژە سیاسییەی، كە شۆڕشی نەتەوایەتی كوردی لەسەر دامەزراوە، هەرماوەو ویردی سەرزمانی بارزانییەكانە، چ پیاوی دەوڵەت بن، چ ڕۆڵەی شاخ و شۆڕش بن.. مەسرور بارزانی سەكۆی لوتكەی دوبەی كردە قەڵایەكی قایم بۆ بەرگری لەمافی بوونی دەوڵەتێك بۆ كورد.