دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن

شەرع و عەرش

ئەو سنوورەی باوکسالاران باسی دەکەن، نە هێڵێکی سروشتییە، نە هی دەستکرد، هێڵێکی وەهمییە، مەگەر تەنیا لە زەینی ستەمکاراندا هەبێت، ئاخر وەک چۆن چەوساندنەوەی بێدەسەڵاتان، تاوانە و سزای لەسەرە، هەر وایش، دەبێت پێشێلکردنی مافی ژنان، دەرچوون بێت لە یاسا و سزای بە دوادا بێت. لای بابسالار، ئایین بە مانای سنوور دێت، سنووریش بە مانای گوێڕایەڵی دێت، گویڕایەڵیی ژن بۆ پیاو. ئەوەی کە پیاو لە ژن باڵاترە، پرەنسیپێکی جێگیر و نەگۆڕی ئایینییە، ژنێک بڕوای بەو پرەنسیپە نەبێت، لەگەڵ ئاییندا دەکەوێتە ناکۆکییەوە.

بۆچی فارووقی پاشای میسر، شاژنە فەریدەی تەڵاق دا؟ چونکە هەر کچی دەبوو، بە گوێرەی (شەرع)یش، کچ نابێت لەجێی باوکی لەسەر (عەرش) دابنیشێت. منداڵ بەرهەمی پێوەندیی باوک و دایکە، هەردووکیان هێندەی یەک بەرپرسن لەوەی کچ دەبێت یان کوڕ، کەچی لە کۆمەڵی بابسالاریدا، لە دایکبوونی کچ، وەک تاوان سەرنج دەدرێت و ئەوە دایکە، بەهۆی ئەو (تاوان)ەوە سزا دەدرێت، بە مەرجێک بە گوێرەی شەرع، ئەوە زاتی خودایە، بڕیار دەدات، ئەوی لە سکی دایکدایە، بە کوڕ دەخوڵقێت، یان کچ دەردەچێت.
(نابێت پشت بە پیاو ببەستیت داکۆکیت لێ بکات، پێویستە پشتت بە خۆت قایم بێت. پێویستە وەک چۆن فێری ڕۆییشتن و قسەکردن دەبیت، فێری هاوارکردن و دەربڕینی ناڕەزایییش ببیت. کە سووکایەتیت پێ دەکەن و بێجگە لە گریان هیچ کاردانەوەیەکی دیکەت نییە، ئەوە بەو مانایە دێت، بۆ ئەوە هانیان دەدەیت، دیسان سووکایەتیت پێ بکەنەوە. پێویستە فێر ببیت، وشە لە شوێنی خۆیدا بەکار بهێنیت، ڕەنگە لەسەر بە هەڵە بەکارهێنانی وشەیەک بە کوشت بچیت، وەک چۆن دەشێت، جوان بەکارهێنانی وشەیەک، ژیانت ڕزگار بکات.) ئەوە مۆچیاریی دایکێکە بۆ کچەکەی کە چیرۆکەکانی هەزار و یەکشەوەی ژنەفتووگە.
دەڵێن: ساڵانێکی دوور و درێژ بوو، پیاوان بەردەوام بەشەڕ دەهاتن، یەکیان دەکوشت و خوێن هەر خوڕەی دەهات، ئاخر دەسەڵاتێک نەبوو، سنوورێک بۆ خوێنڕشتن دابنێت. تا ڕۆژێک لە ڕۆژان، پیاوان لەسەر ئەوە ڕێک کەوتن، سوڵتانێک دەستنیشان بکەن و هەمووان گوێڕایەڵی ببن. ئیدی بڕیاریان دا، سەفەرێک بە مەبەستی ڕاوەژن ڕێک بخەن و هەر پیاوێک زۆرترین ژنی ڕاو کرد، ئەو ببێت بە سوڵتان. دەبوو ئەو ژنانەی دەستگیر دەکران، لە جێیەکی داخراودا کۆ بکرێنەوە، تا دواتر بژمێردرێن. دەڵێن ماڵ لەو ڕۆژەوە داهاتووە، وەتاق خستنەوەی ژن، لەوساوە داهاتووە، حەریم وەها داهاتووە، ئەوە بۆیە کوردیش دەڵێت: ژن و ماڵیان گوتووە.
(دەڵێن سلێمانی حەکیم، حەوت سەد ژن و سێ سەد کەنیزەکی هەبووە، داوودیش وێڕای کەنیزەک، ژنگەلێکی زۆری هەبووە و ئەگەر دڵی چوو بێتە سەر ژنێکی جوان، مێردەکەی بۆ بەرەی پێشەوەی جەنگ ناردووە، تا زوو بکوژرێت و ژنەکەی بخوازێت.)(٢) خەلیفە هاروون ئەلڕەشید، کە لە سەردەمی ویدا، قەڵەمڕەوی ئیسلام لە دیواری چین نزیک بووبووەوە، دەڵێن لە حەریمەکەیدا کە تەلارێک بووە لە بەغدا، هەزار کەنیزەک هەبووە، لە حەریمی خەلیفە موتەوەکیلدا چوار هەزار کەنیزەک و لە هی خەلیفە موقتەدیردا، ژمارەی کەنیزەک لە هی وانیش زیاتر بووە. ئەو خەلیفانە، ژنیان بە (ڕاو) پەیدا نەدەکرد، بەدەم فەتحکردنی وڵاتانەوە، کۆیان دەکردنەوە. حەریم، لە حەرامەوە هاتووە، کە پێچەوانەی حەڵاڵە و بە مانای ڕێگەپێنەدراو دێت. حەریم: ئەو شوێنەیە پیاو، ژن و منداڵی خۆی، تێدا دوور لە چاوی کەسانی دی دادەنێت، ئەو شوێنە مەرج نییە هەر ماڵ بێت، ڕەنگە ڕەشماڵ بێت. حەریم: هەر شوێنەکە نییە، ئەوانەیشە لەو شوێنەدا ژیان بەسەر دەبەن. حەریم: ڕێسا و دابی خۆی هەیە، بێ پرس و مۆڵەتی خاوەنەکەی، هیچ پیاوێک مافی نییە، پێ بخاتە ناوی.
چونکە ئەوە ژنە کە زێتر دیلی دەستی دابونەریتە، پارادۆکس ئەوەیە، ژن لە پیاو زیاتر، لەسەر پاراستنی دابونەریت سوور بێت. ئایا کامیان زێتر جێگەی بایەخە؟ پاراستنی دابونەریت؟ یان بەختەوەریی خەڵک؟ بەختەوەری چییە؟ ئەوەیە ژیان لەگەڵ ئەو کەسانەدا بەسەر بەریت کە خۆشت دەوێن. بەختەوەری ئەوەیە، هەست بکەیت کەسێکی ئازاد و سەربەخۆیت، تەنیا هەوێنی بەختەوەریی ئەوانی دیکە نیت. بەختەوەری ڕاگرتنی هاوسەنگییە، لەنێوان ئەوەی دەیبەخشیت و ئەوەی وەری دەگرێت. (ئازادی)یش ئەوەیە، خۆت خاوەنی ئاوەز و خود و جەستەی خۆت بیت. بۆچی بابسالار ئەوەی بەلاوە ئاسایییە، پیاو سیگار بکێشێت، کەچی بۆ ژن بە سنووربەزاندنی نێوزەد دەکات؟ بە مەرجێک سیگارکێشان، وەک چۆن بۆ ژن خراپە، بۆ پیاویش هەر زیانبەخشە. چونکە ژنەکە خۆی ئازادانە بڕیاری داوە، سیگار بکێشێت، بابسالاریش هیچ جۆرە ئازادییەک بە ژن ڕەوا نابینێت.
پۆشاک پێوەندیی بە پرۆژەی ژنەوە هەیە، ناکرێت جلێکی دێرینت لەبەردا بێت و خۆت پێ ژنێکی مۆدێرن بێت. پۆشاک ڕەمزە بۆ ژن، ئەو ژنەی لە بازنەی جلوبەرگی دێریندا قەتیس بمێنێت، دیلی نێو زیندانی دابونەریت دەبێت. جلی ژنی کورد، بۆ شایی و سەیران جوان و لەبارە، وەلێ بۆ کار دەست نادات، ئەوە نییە ژنانی گوندنشین، بە جلی پیاوانەوە، لە باخ و کێڵگەدا کار دەکەن. کێشەی ژن بە خۆشاردنەوە لەودیو عەبا و پەچە و حیجابەوە، چارەسەر نابێت، بەڵکوو بەوە دەردی سەختتر دەبێت، چونکە ئەوی بترسێت و خۆی حەشار بدات، زووتر دەبێتە قوربانی و ئاسانتر ڕاو دەکرێت. ئوم کەلسووم، کیژێکی هەژاری گوندی بوو، لەڕێی خەباتی بێوچانەوە، لەڕێی ویستێکی بەهێز و متمانە بەخۆبوونەوە، بەسەر پلیکانەی شکۆمەندیدا سەرکەوتە سەرێ و لەسەر عەرشی گۆرانی ڕۆ نیشت، کە ئەو سەروەختە، ئەوە بۆ ئافرەتێکی سەر بە بنەماڵەیەکی هەژار وەک مەحاڵ وابوو.

ھەواڵی زیاتر