سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

متمانە و گرنگی پێگەی كوردستان

ڕێبوار حەمەلاو شوانی

بەستنی لوتكەی جیهانی حكوومەتەكان لە ئیمارات لە كاتێكدایە كە بارودۆخی ناوچەكە و جیهان بە كۆمەڵێك پێشهات و ڕووداوی نوێدا گوزەر دەكات، بەتایبەتی كە هەرێمی كوردستانیش وەك جوگرافیایەكی گرنگ و مامەڵەكردنی ژیرانە وردبینانە لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و ئاڵۆزی و جەمسەربەندییەكان توانیوێتی سەركەوتوانە هەڵسوكەوت بكات. ئەوەش ئاماژەیە بە سەركەوتویی سەركردایەتیی سیاسی هەرێمی كوردستان لە ناوچەیەكی پڕ كێشە و ئاڵۆزدا .

بەتایبەتی كە ئەمە سێیه‌مین ساڵه‌ له‌سه‌ر یه‌ك شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌م لوتكه‌یه‌ به‌شداره‌، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی به‌ بانگهێشتی تایبه‌تی شێخ محه‌ممه‌د بن راشید ئال مه‌كتوم جێگری سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی ئیمارات و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته‌ و حاكمی میرنیشینی دووبه‌ی، شانبه‌شانی سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ی وڵاتان به‌شداره‌ له‌ لوتكه‌كه‌دا. لە لوتكەی حكوومەتەكانی جیهان، ئایندەی حكوومه‌ته‌كان، گۆڕانكاریی و ئاڵنگارییه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان و گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت و ئه‌زموونه‌ جۆراوجۆره‌كان ئاڵوگۆڕ ده‌كرێن.
لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان 2024، بە بەشداری سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان و سەرۆکی حکوومەت و وەزیر و سەرۆکی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و شارەزا و پسپۆڕانی بواری کاری حکوومەتی و ئاییندەناسان، پلاتفۆرمێکە بەمیوانداری زیاتر لە 25 سەرۆکی دەوڵەت و حکوومەتەکان و زیاتر لە 85 رێکخراوی نێودەوڵەتی، هەرێمی، دامەزراوەی جیهانی و 120 شاندی حکوومی و سەرکردە و بیرمەندانی جیهانی بەڕێوەدەچێت، کە ئامانج لێی خستنەڕووی دیدگای فراوانە بۆ ئاراستە سەرەکییەکانی داهاتووی حکوومەتەکانی جیهان.
پێگەی هەرێمی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ لەناو کۆڕبەند و کۆنفرانسە جیهانییەکاندا بەهێزتر دەبێت و لە لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکانیش لە دوبەی، دانیشتنی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕیزی پێشەوەی سەرۆکی وڵاتان و دانانی ئاڵای کوردستان لە ڕیزی ئاڵای وڵاتان، بەڵگەیە لەسەر بەهێزیی پێگەی مەسرور بارزانی و حکوومەتەکەی بەتایبەتی و هەرێمی کوردستان بەگشتی، کە ئەوە لە ڕووی سیاسییەوە ئەوەمان پێ دەڵێت، لە ڕووی ئابووریشەوە دەرخەری ئەو راستییەیە، کە هەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندێکی گرنگی ئابووری و پێكەوەژیان و متمانەپێكراو بۆ ناوچەکە و بەتایبەتی وڵاتانی كەنداو. هەروەها ئیمارات ئێستا ناوەندێکی گەورەی بارزگانییە لەنێو وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ئەوا پەیوەندیی باشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیمارات خاڵێکی وەرچەرخان دەبێ، بەتایبەتی لەم قۆناغەی کە وەکو دەبینرێ، پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان سەرۆکی ئیمارات و وڵاتانی کەنداو بەگشتی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە، کە بێ گومان ئەو پەیوەندییانە کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر ڕێکكەوتنەکان و هاتنی زیاتری وەربەرهێنەرانی کەنداو بۆ هەرێمی کوردستان.
هەروەها لە ڕووی جوگرافیاییەوە، هەرێمی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست کاریگەری هەیە لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کە ئەم ڕاستییە جیوپۆلیتیکییە و ھەروەھا بەرژەوەندییەکانی وڵاتە زلهێزەکان لە عێراقێکی یەکگرتوو و لە چوارچێوەی لامەرکەزییەتێکی فدراڵیزم، پەیوەندییەکی پتەوتر دروست بووە.
لە رووی سەربازییەوە، هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بەشدارییەکی کارای لە شەڕی دژی داعشدا هەبووە ئەوەش پێگەیەکی بەهێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ دروستکردووە و دۆزی کوردی زیاتر ناساندووە. لە ڕووی کەلتورییەوە، هەرێمی کوردستان زمان و کەلتور و ئاڵای خۆی هەیە کە بۆ پاراستن و گەشەسەندنی ئەم کەلتورە پێویستی بە مەیدانێکی جیهانییە کە دان بە بوونی ئەم کەلتوورە بدەن. ئەم هەوڵانە سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات. هەرێمی کوردستان بەلێهاتوویی و سیاسەتی هاوسەنگی و هاوپەیمانیەتی ڕاستەقینەیی، شایستەی پشتگیریکردنی زیاترە لە سەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتییدا. ئەو ڕاستیەی کە کورد دۆست و هاوپەیمانی ستراتیژی هاوپەیمانەکانی بووە ون نابێت و لەمێژودا تۆمار کراوە.