هەناردەکردنی بەرهەمی هێلکە و گۆشتی مریشک لە پلاندایە

ئاستی بەرھەمھێنانی بەرھەمە جیاوازەکان لە ھەرێمی کوردستان لە زیادبووندایە، ئێستە بەرھەمەکانی پەلەوەری وەکو گوشتی مریشک و ھێلکە دوو ھێندەی خواستی بازاڕەکانی ناوخۆن، حکوومەت لە ھەوڵی ھەناردەکردنیانە و بەڕێوەبەرایەتییە تایبەتمەندییەکانی ئەم بوارەش کە سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵن، سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ ئەوەی خواست و سەرنجی بازاڕەکانی دەرەوە بۆ بەرھەمەکانی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان ڕابکێشن.

لە ھەرێمی کوردستان سێکتەری سامانی ئاژەڵ و پەلەوەر بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی پەلەوەر لەڕووی ڕێژەی بەرھەمھێنان و پڕۆژەکان زیادیان کردووە، ئەم فراوانبوونەش ھۆکارێکە بۆ فرە چەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات و ڕەخساندنی ھەلی کاری زیاتر.
بە سەدان کێڵگەی پەلەوەری لە ھەرێمی کوردستان ھەن، مریشکەکانی ناو ئەو کێڵگانە ڕۆژانە ھێلکە دەکەن، بەرھەمی ئەم جۆرە کێلگە پەلەوەریانە ڕێژەی بەرھەمی ھێلکەیان لە بازاڕدا زۆر بەرزکردووەتەوە، ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیار و سی و شەش ملیۆن ھێلکە بەرھەم دێت و دەخرێتە بازاڕەکانەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کێڵگەکان دەتوانن زیاتر لە سێ ملیار و شەش سەد ملیۆن ھێلکە بەرھەم بھێنن. خاوەن کێڵگەکانیش، دەڵێن، بەھۆی کەمی ھاوردەکردنی ھێلکە ئێستە بەرھەمی ھێلکە بەرزە و فرۆشتنەکەشی زۆر باشە.
پڕۆژەکانی بواری پەلەوەری ھاوشانی تەواوی سێکتەرەکانی دیکە لەڕووی تەکنیکی کارکردنەوە بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە، کارکردنەکان تەواو سەردەمیانەن، ئەم پێشکەوتنانەش وای کردووە سێکتەری پەلەوەری بەرەو پێشەوە بچێت، ئێستە ڕێژەی بەرھەمھێنان دوو ھێندەی خواستی بازاڕەکانی ناوخۆیە و حکوومەت بیری لە ھەناردەکردنی کردووەتەوە.
فیراز سەدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، دەڵێت: بەپێی بارودۆخی ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستان ئەم پڕۆژانەی ئێستە لە کاردان، توانای بەرھەمێنانی ڕۆژانە پازدە ھەزار و پێنج سەد کارتۆن ھێلکەی خواردنیان ھەیە، لە کاتێکدا ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستی بە حەوت ھەزار کارتۆن ھێلکە ھەیە، بیرمان لەوە کردووەتەوە جگە لە بازاڕەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق بیر لە بازاڕێک بکەینەوە، ئێستە لە سەروبەندی ئەوەداین لە ئاستی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم لەسەر ئەو بابەتە لەسەر خەتین بۆ ئەوەی بتوانین ھێلکە و مریشکی ھەرێمی کوردستان کە زیادن لە پێداویستی ناوخۆی کوردستان ڕەوانەی وڵاتانی دیکە بکەین وەکو ئیمارات و ئوردن.

ھەواڵی زیاتر