شرۆڤەکارانی سیاسی: تاکە ڕێگە لەبەردەم عێراق کۆنتڕۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکانە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

شلۆڤەکارانی سیاسی، دەڵێن: عێراق ناتوانێت ئاسمان و خاکەکەی بەبێ بوونی ھێزە بیانییەکان بپارێزێت. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەگەر عێراق بیەوێت شەڕ و ئاژاوە نەمێنێت، دەبێت گرووپە چەکدارەکان کۆنتڕۆڵ بکات.

لەدوای بە ئامانجگرتنی سەرکردەکەی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق لە بەغدا ھۆشداریەکی توند دەدرێت و ئەگەری ھەڵگیرسانی شەڕی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا و گرووپەکانی مقاوەمە ھەیە لەناو خاکی عێراق. شلۆڤەکارانیش، ڕوونی دەکەنەوە، ئەمەریکا بەم ھێرشانە ناوەستێت، گرووپە چەکدارەکانیش وەڵامیان دەدەنەوە بۆیە عێراق بە دۆخێکی مەترسیداردا تێدەپەڕێت.
ھێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا، لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازە ئەمریکیەکەی بنکەی تاوەر ٢٢ی ئوردن بەردەوامە، کە لە ٧ـی شوبات کاتژمێر نۆ و سی خوولەکی شەو ھێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا بە درۆن ھێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی بەرپرسانی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق، بەوھۆیەوە دوو فەرماندەی ئەو گرووپە کوژران، ھێرشەکەش لەناوخۆی ئەمەریکا کاردانەوەی لێکەوتەوە، کە لە نزیکی ماڵی خۆی لە بەغدا درۆنێکی ئەمەریکی ئۆتۆمبێلەکەی بەرپرسی سیستەمی ئاسمانی کەتائیبی حیزبوڵڵا و بەرپرسی ھەواڵگری و ئۆتۆمبێلەکان دەکاتە ئامانج، لە ئەنجامدا باقر ساعیدی و ئەبو ئەرکانی عەلیاوی، کە دوو بەرپرسی باڵای حیزبوڵڵا بوون، کوژران، حکوومەتی عێراقیش بە فەرمی ڕایگەیاند سەروەری خاکەکەی پێشێل کراوە.
بەئامانجگرتنی سەرکردەی کەتائیبی حیزبوڵڵا لەناو جەرگەی بەغدا نیگەرانی حکوومەتی عێراقی بەدوای خۆیدا ھێناوە و سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و گرووپەکانی مقاوەمە، دەڵێن، ئێمە تاک لایەنانە بڕیارمان دابوو ھیچ جۆرە ھێرشێک بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمەریکا نەکەین، بەڵام ئەو ئاگربەستە دەشکێنین و تۆڵەی خوێنی خۆمان دەکەینەوە.
لە پاش ھێرشەکەی سەر بنکەی سەربازی ئەمەریکی، پنتاگۆن بڕیاری داوە ھێرش بکاتە سەر حەفتا و پێنج ئامانج لە عێراق و سووریا، بۆ لەناو بردنی گرووپەکانی مقاوەمە و حەشدی شەعبی. شلۆڤەکار، نەوزاد سیامەند، دەڵێت، ئەگەر ئەمریکا ھەموو ئەو ھێرشانە بکات، گرووپەکانیش وەڵامیان دەبێت، ئەو کاتە دۆخێکی مەترسیدار چاوەڕوانی عێراق دەکات، چونکە ھێرشەکان مەترسیدارن و کاریگەریان لەسەر ھاووڵاتییان و کۆمەڵگە دەبێت، بەزاندنی سنووریشە، لەوەش مەترسیدارتر درۆن و فڕۆکەکان بەردەوام بەسەر ئاسمانی بەغدا دەسووڕێنەوە.
دەشڵێ: کوژرانی ئەو سەکردانە وا دەکات جارێکی دیکە چالاکییەکانی حیزبوڵڵا دەست پێ بکاتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر حکوومەت ھەوڵی زۆری دا تا دۆخەکەی کۆنتڕۆڵ کرد، بەڵام دۆخی ئێستە حکوومەتیشی شپرزە کردووە و لەژێر کۆنتڕۆڵی دەرچووە.
شلۆڤەکار، سامی جیهاد، ڕایگەیاند: کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق داواکاری ھەموو عێراقییەکان نییە، بەتایبەتی کورد و سوننەکان، لە شیعەکانیشدا بەشێکیان بەڕوونی داوای کشانەوەی ئەمەریکایان نەکردووە تەنیا ئەوانە نەبێت کە سەر بە ئێرانن.
ئەو شلۆڤەکارە، ڕوونیشیکردەوە: عێراق ناتوانێت ئاسمان و خاکەکەی بەبێ بوونی ھێزە بیانییەکان بپارێزێت، ئەگەر عێراق بیەوێت شەڕ و ئاژاوە نەمێنێت، دەبێت گرووپە چەکدارەکان کۆنتڕۆڵ بکات.

ھەواڵی زیاتر