لە ناوچەی حوسەینییەی بەغدا، مامۆستایەکی ئافرەتی 56 ساڵ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. سەرچاوەیەکیش دەڵێت، کێشەی خێزانی هەبووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11-02-2024، لە ناوچەی حوسەینییەی باکووری رۆژهەڵاتی بەغدا، مامۆستایەکی ئافرەتی تەمەن 56 ساڵ لەنێو ماڵەکەیدا، خۆی خنکاند و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، مامۆستاکە شاڵێکی بەو پانکەیەوە بەستووە کە لەنێو ژوورەکەیدا بووە، خۆی هەڵواسیوە و لەو رێگەیەوە خۆی خنکاندووە. بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئەو مامۆستایەی خۆی خنکاندووە تووشی نەخۆشیی دەروونی و کێشەی خێزانی بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممە، 31-01-2024، لە بەغدای پایتەخت خوێندکارێکی زانکۆ لەگەڵ هاوەڵێکی بەهۆکارێکی نادیار لە یەکێک لە زانکۆکان بە هەڵواسین و ئەوی دیکە بە بەکارهێنانی چەک کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.
هەر لەو ماوەیەدا، کچێکی تەمەن 19 ساڵ لە پارێزگای نەجەف، لە گەرەکی موکەرەمە لە سەنتەری پارێزگاکە، بە شاڵێک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بۆ ساڵی 2023، عێراق لە ریزبەندی 13هەمین وڵاتانی جیهانە لە کۆی 187 وڵات کە هاووڵاتییانی 3.89% کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن، ئەویش بەهۆکاری هەژاری، گەندەڵی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، چەندان هۆکاری دیکەی ئەو وڵاتە.