وابڕیاربوو دوێنێ، لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دووبز بچنە سنووری ناحیەی سەرگەڕان، لە پارێزگای کەرکووک و زەوی جووتیارانی کورد بدەنە عەرەبە هاوردەکان. وەک نەڕەزایەتییەک لە دژی ئەو کارە، جووتیارە کوردەکان خۆیان بۆ خۆپیشاندان ئامادەکردبوو.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: لەگەڵ قائیمقامی دووبز و لایەنە پەیوەندیدارەکان قسەیکردووە و، کێشەی ئەو جووتیارانەی چارەسەرکردووە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان، داوای لە جووتیارانی سنووری ناحیەی سەرگەڕان کرد بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و خۆپیشاندان نەکەن، چونکە وەکو خۆی گوتی، کێشەکەیانی چارەسەرکردووە و لیژنەکە سەردانی دەڤەرەکە ناکات.