كارزان گلی – ههولێر
راستە بەشێكی زۆری پارتە سیاسییەكانی توركیا بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ دیاری كردووە، بەڵام كێبڕكێ سەرەكییەكە لە نێوان، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەیە و موراد كورووم، بەربژێری ئاكەپە و مەهەپەیە. دەم پارتی، تاوەكوو ئێستا بەربژێری دیاری نەكردووە، بەڵام بەدیاریكردنی بەربژێر، ئیدی كێبڕكێی هەڵبژاردن توندتر دەبێت و تا ئاستێكی زۆریش روون دەبێتەوە كێ براوەی ئیستانبۆڵە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە و مەهەپە بوو، هەروەها هەدەپەش، كە دەم پارتی ئێستایە، بەربژێری نەبوو و پشتگیرییان لە ئیمامئۆغڵو كرد، بۆیە توانی بەسەر بیناڵی یڵدرمدا سەركەوێت، بەڵام ئێستا ئیمامئۆغڵو، تەنیا بەربژێری جەهەپەیە، چونكە پارتی خاس، بەربژێری خۆی هەیە و دەم پارتیش، بەنیازن لە 9ی ئەم مانگەدا باشاك دەمیرتاش، بەفەرمی بكەنە بەربژێری خۆیان، هەرچەندە باشاک، رایگەیاند خۆی بەربژێر ناکات، بەڵام وەکو ئەوەی باس دەکرێت، دەم پارتی رازی دەکات تا بیکاتە بەربژێر.
بەشێك پێیانوایە، بەربژێربوونی باشاك دەمیرتاش، بۆ كۆكردنەوەی دەنگەكانی دەم پارتییە لە ئیستانبۆڵ، چونكە زۆرجار دەنگی كورد لەو شارە پەرت و بڵاوبووە، دەم پارتی دەیەوێت دەنگی كوردەكان بۆ خۆی مسۆگەر بكات.
وەهاب جۆشكوون، شڕۆڤەكاری سیاسی و مامۆستای زانكۆ، پێیوایە بەربژێربوونی باشاك دەمیرتاش، واتە بەربژێربوونی سەلاحەدین دەمیرتاش، دەم پارتیش دەیەوێت لەو رێگەیەوە دەنگی پارتەكەی بەتەواوی بۆ خۆی ببات.
جۆشكوون، قسەی بۆ ماڵپەڕی (T24) كردووە و دەڵێت: ”ئەگەر لە بری باشاك كەسێكی تر بەربژێر بوایە، ئەوەندە كاریگەریی نەدەبوو، بەڵام بە بەربژێربوونی باشاك، دەنگی دەم پارتی لە ئیستانبۆڵ زۆرتر دەبێت و كۆكەرەوە دەبێت.“
باشاك دەمیرتاش، ماوەیەكی كەمە هاتووەتە ناو سیاسەت، دەیەوێت لەورێگەیەوە ناوی دەمیرتاش بەزیندوویی بهێڵێتەوە، سەرەتاش بە بەربژێربوونی لە ئیستانبۆڵەوە دەستپێدەكات و دەیەوێت دەنگێكی زۆر بهێنێت و ببێتە هۆی ئەوەی شكست بە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو بهێنێت و بڵێت ئەگەر من نەبومایە، دەنگی كورد كاریگەریی نەدەبوو.
ئەگەر باشاك بتوانێت لە هەڵبژاردنی 31ی3ی 2024 دا یەك ملیۆن دەنگ بهێنێت، ئەوكات بۆ رای گشتی توركیا و باكووری كوردستانی دەسەلمێنێت، كە لەناو كورددا كاریگەرە و ئیدی رێگەی بۆ خۆش دەبێت تا لە داهاتوو بتوانێت ببێتە هاوسەرۆكی دەم پارتی.
ئیبراهیم ئوسلو، لێكۆڵەر و شڕۆڤەكاری سیاسی، پێیوایە باشاك دەمیرتاش، لەناو كوردانی ئیستانبۆڵ پێگەیەكی گەورەی هەیە و هێزێكی زۆری دەبێت، چونكە دەنگدەری كورد وای دەبینێت ئەوە سەلاحەدین دەمیرتاشە، هاتووەتە ناو هەڵبژاردنەوە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2014، سری سوورەیا ئۆندەر، بەربژێری هەدەپە بوو بۆ ئیستانبۆڵ، بەڵام تەنیا 400 هەزار دەنگی بەدەست هێنا، لە كاتێكدا دەنگی كورد لەو شارە یەك ملیۆن و نیوە، بۆیە ئەگەر باشاك بتوانێت یەك ملیۆن دەنگ بهێنێت، ئەوە بەو مانایە دێت، كە دەنگی كوردەكان بەفیڕۆ نەچووە و سەركەوتنێكی گەورەشە بۆ ئەو.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 14ی ئایاردا، دەم پارتی لە ئیستانبۆڵ یەك ملیۆن و 200 هەزار دەنگی بەدەست هێنا، بەڵام هیچ كاتێك لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا بەربژێری كورد یەك ملیۆن دەنگی بەدەست نەهێناوە، بۆیە ئەگەر باشاك ئەو دەنگە بەدەست بهێنێت، كورد بە هێزێكی زۆرەوە دەگەڕێتەوە ناو هاوكێشەی سیاسی و ئیدی لە هەڵبژاردنی داهاتوو حیسابی جیدی بۆ دەكرێت و شكستی هەڵبژاردنی 14ی ئایاریش تا ئاستێكی زۆر لەبیر جەماوەرەكەی دەباتەوە.