لە سۆران، کۆڕێکی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبیشیعری (هەوری مات) بەڕێوەچوو

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

لە سۆران لە کەشێکی ساردا، خانەی فەرهەنگیی شین لە شاری سۆران کۆڕێکی بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵەشیعری (هەوری مات) ئەنجامدا. لە کۆڕەکەدا سەرەتا (ئیسماعیل سابیر) نووسەری کتێبەکە دەربارەی نووسین و ئەزموونی ئەم کتێبە بۆ ئامادەبووان دوا. دواتر شاعیر و نووسەر (هەندرێن) دەربارەی شیعری ئەمڕۆ و کێشەکانی شیعر لە دونیای کوردیدا باسێکی پێشکەش کرد. پاشان دەرگای گفتوگۆ بۆ خوێنەران و ئامادەبووان واڵا کرا، بە پرسیار و سەرنجەکانیان بەشدارییان کرد و کۆڕەکەیان دەوڵەمەندتر کرد. له کۆتاییشدا نووسەر واژووی لەسەر کتێبەکە بۆ ئامادەبووان کرد و کۆڕەکەی بەکۆتا هێنا.

ئیسماعیل سابیر نووسەری کتێبەکە بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر” گوتی: شیعرەکانی ناو ئەم کتێبە بەپێی بارودۆخی هەر تێکستێک هەوڵ دراوە جیاوازی دروست بکەن، هەم لە دەربڕین و دونیابینی، هەم لە مانا و تەکنیک و فۆڕمی داڕشتن، وەک مێژووش بەرواری نووسینیان دەگەڕێتەوە بۆ نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٩ وە ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٣، بەشێکی زۆر لە شیعرەکان نوێن و ئێستا بۆ یەکەمین جارە بڵاو دەکرێنەوە. تەنیا بەشێکی کەم لە شیعرەکان نەبێت کەوا بە پچڕ پچڕی لێرەولەوێ هەندێکیان پێشتر لە ماڵپەڕەکان بڵاو بوونەتەوە.
دەشڵێت: ڕەنگە کەمێک قورس بێت ئێمە بتوانین ناوەڕۆکی شیعر لە چەند دیمەن و سات و دیاردەیەکی دیاریکراودا قەتیس و بچووک بکەینەوە، چونکە شیعر هەر خۆی هێزێکی رامنەکراوە، بەپێی سەردەمە جیاوازەکان بەردەوام بە دوای مانا و شیکاری نوێدا دەگەڕێت. تەنیا شتێک ئەوەیە ئەم کتێبە هەر لە سەرەتاوە هەوڵی بۆ ئەوە بووە هەر دالێک گوزارشت بێت لە چەندین دال و مەدلوولی جیا جیا تا خوێنەری قووڵ و وردبین ئاوێتەی خۆی بکات و بیکات بە بەشێک لە مانای تێکستەکە.
ئیسماعیل سابیر یەکێکە لە شاعیرە تازە دەرکەوتووەکانی هەولێر و پێشتریش کتێبێکی تری بە ناوی (سۆراغ بۆ شیوەنێکی نەبڕاوە) بڵاو کردووەتەوە و ئێستاش نوێترین کتێبی خۆی بەناوی “هەوری مات” بڵاوکردەوە.

ھەواڵی زیاتر