فرسەت سەید شکور
جۆن کەنەدی سەرۆکی پێشووتری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گووتویەتی:
(کاتێک بە زمانی چینی دەنووسرێت، وشەی “قەیران” لە دوو پیت پێکهاتووە. یەکێکیان نوێنەرایەتی مەترسی دەکات و ئەوی تریان نوێنەرایەتی دەرفەت دەکات).
لە قۆناغێکی ئاوا گرنگ و هەستیار و چارەنووسسازدا ئایا (هەرێمی کوردستان) پێویستی بە چییە؟
یەکەم/ لە پێناو گەلی کوردستان و مێژوو و، خەباتی لەمێژینەی نەتەوەی کورد، پێویستە هەموو جیاوازییە ئایدۆلۆجی و مێژوویی و کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی کە هەیە وەلا بنرێت. ڕکەبەرییەکان حیزبە سیاسییەکانی کوردستانیان بەسەر چەندین شێوەدا دابەش کردووە، نەخاسمە لە دەرەنجامدا، دوژمنان و نەیارانی میللەتی کورد، (هەرێمی کوردستان) بە یەک چاو سەیر دەکەن، هەرچەندە دابەشبوونی پارتە سیاسییەکانی هەرێم، گەڕانەوەیە بۆ ئەو خاڵەی کە هەردەم کاریگەربوونی هەندێک حیزبی سیاسیی بە دەوڵەتانی ئیقلیمی ناوچەکەوە تەنگژەی زۆر ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، بەڵام هەڵبەتە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەرێمی کوردستان وەکو یەک نەتەوە و حکوومەت و دەسەڵات تەماشا دەکرێت.
دووەم/ لە ماوەی ڕابردوودا چەندین ڕێککەوتن لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی عێراقدا کراوە، کە بەشێک لەم ڕێککەوتنانە لەلایەن ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەی ئەوروپا و ناوچەکەش پێشوازی زۆر باشی لێکراوە، بەڵام دەبینین کە هیچیان نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش بەو هۆیەی کە عێراق لەدوای ساڵانی ٢٠٠٣-٢٠٠٥وە تاوەکو ئێستا خاوەنی سەروەریی خۆی نییە و لە ژێر هەژموونی وڵاتانی تری ناوچەکەدایە، گرنگە ئیدی ستراتیجییەتێکی نوێ لەسەر بنەمای گەیشتن بە خاڵی کۆتایی ڕێککەوتنەکان دابنرێت، چونکە لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان بە ڕێگەی سیاسەتی ناچارکردن، بۆ حکوومەتی ئێستای عێراقیش دەبێتە گرفتێکی گەورە.
سێیەم/گرنگە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە، لە ڕێگەی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و عەرەبی و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی خۆی زۆر فراوانتر بکات. بە جۆرێک لە ڕێگەی کارەکتەرە دیپلۆماسییە شارەزاکان بە سیاسەتی دیپلۆماسییانەی ورد و دروستەوە بتوانرێت هەرێمی کوردستان ئەم دۆخە سەختەی هەیە ڕزگار بکرێت.
چوارەم/ زۆر گرنگە لە ئێستادا و زیاتر لە هەر کاتێک هاوڕا بین لەسەر ئەوەی کە فشارەکان و داواکانی داگیرکەران بۆ پووکانەوە و ڕووخاندنە نەک ئەو ئیدعا بێ بنەمایانەی بەناوی یاسا و دەستوورەوە دژی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدەن. گرنگە لە یادمان بێت کە تاکە ئازادکەری خۆمان هەرخۆمانین نەک دەوڵەتانی دیکە.
پێنجەم/ لە ئێستادا بیری توندڕەوی سیاسەتی “دژە کوردستانی” لە شەقامی عێراقیدا زیادی کردووە، واتا شەقامی سیاسیی عێراقی لە سەر لاوازکردنی پێگەی هەرێم ململانێی هەڵکشانی دەنگ و کورسی زیاتر دەکەن، بە ئاگایی لەوەی کە ئەم جۆرە لە سیاسەت دژی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی درێژخایەنە و بەردەوامی دەبێت چارەسەری ئەمەش تەنها و تەنها بە یەکگرتوویی ڕووبەڕووی دەوەستێندرێتەوە.
شەشەم/: دانانی ستراتیژی پشتبەخۆبەستن (خۆژێنی)، لەو ڕووەوە هەرێمی کوردستان دەرفەت و توانای خامی زۆری هەیە، بەتایبەتی لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، نموونەی دەیان وڵات هەن کە لە ڕێگەی پێشخستنی ئەو دوو کەرتەوە خۆیان پێشخستووە و توانیویانە خەڵکەکەیان بپارێزن و پێشبخەن. سام کاوتۆرن، پسپۆڕێکی گەورەی سایکۆلۆجییەت و هاندانە ئەو دەڵێت: “قەیران دەرفەت دروست دەکات. کێشە و قەیرانەکان گەورەترین داهێنان و بیرکردنەوەمان دەگەڕێننەوە، چونکە ناچارمان دەکات سەرنجمان لەسەر شتەکانی دەرەوەی نۆرم بێت”. بەو واتایەی ڕەنگە قەیران و ئاستەنگییەکان چەندە زۆربن دواجار بە سوود و قازانجی کورد لە قۆناغی داهاتوودا پێچەوانە ببێتەوە.