ئەمڕۆ سێشەممە، 2024.02.06، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى جێگرانى پارێزگار، کۆبوونەوەیەکى تایبەت لە دیوانی پارێزگا لەبارەی شێڵتەری سەگى بێلانە ئەنجامدرا.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر لە نزیکەوە لە کاروبارەکانى شێڵتەرى سەگی بێلانە کۆڵییەوە و بەدواداچوونى بۆ چۆنیەتى ڕێرەوەى چارەسەری پزیشکی ڤێتێرنێری و ڕێکارە زانستیەکانی شێڵتەرەکە کرد، هەروەها دەستخۆشى لە بەڕێوەبەر و پزیشک و کارمەند و ستافى شێڵتەرەکە کرد بۆ ئەنجامدانى کارەکانیان.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە قائیمقامی ناوەند، بەڕێوەبەری گشتیی گەشت و گوزار، سەرۆکى شارەوانى هەولێر، بەڕێوەبەرانى ڤێتەرنەرى، خزمەتگوزاریى ژینگە پارێزى، قەیرانەکانی پارێزگا، نوێنەرى تەندروستى و لایەنى دیکەى پەیوەندار ئامادەبوون.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “لە تەوەرێکى دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى کێشە و کەم و کوڕی و پێداویستیەکانی شێڵتەرەکە و پڕۆسەى کۆکردنەوەى سەگى بێلانە کرا، کە بەشێوازێکی زۆر دروست و رێکوپێک سەگی بێلانە دەگوازرێنەوە بۆ شێڵتەرەکە و بەوهۆیەشەوە توانراوە ژمارەیەکى زۆری سەگى بێلانە لە ناوشار دوربخرێنەوە. ئەمەش واى کردووە حاڵەتەکانی پەلاماردانی هاووڵاتییان لەلایەن سەگەوە زۆر کەمببێتەوە و تەئکید لە بەردەوامبوونی پڕۆسەکە لە شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان کرایەوە.”
جێگەى باسە، ماوەی چەند ساڵێكە لە كوردستان بەگشتیى و هەولێری پایتەخت بەتایبەتى بوونی سەگی بێلانە لە کۆچە و کۆڵانەکانی شار مەترسی زۆریان بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان دروستكردبوو و تا دەهات ژمارەی ئەو سەگەنەش لە زیادبووندابوون، ڕۆژانەش لێرە و لەوێ پەلاماری منداڵ و گەورە و پیر و بەساڵاچووانیان دەدا.
هەبوونی ئەو هەموو سەگە لەناو شار جگە لەوەی ببوونە هۆی زیان گەیاندن بە هاووڵاتییان، لەهەمانکاتدا دیمەنی پایتەختیان شێواندبوو و هاووڵاتیانیش هەراسان ببوون و كار گەیشتبووە ئەوەى هیچ دایك و باوكێك زاتی ئەوەى نەدەکرد منداڵەكانیان بنێرن بۆ دەرەوەی ماڵ، هەربۆیە پارێزگاى هەولێر بەگوژمەى (450 ملیۆن دینار) لەسەر بودجەى پارێزگا و لە سەر ڕووبەرى (20) دۆنم زەوی و بە دوورى (15) کیلۆمەتر لە ناوەندی شارى هەولێر، شێڵتەرێکى سەردەمیانەى بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە و ڤاکسینکردنیان دروستکرد.