تیمە بیانییەکان نەیانتوانی باوک و کچێک رزگاربکەن، هەستی نەتەوەیی و مرۆیی ورەی دابووە تیمی فریاگوزاری هەرێمی کوردستان، کە دوای 12 کاتژمیر باوک و کچەکەیان رزگار کرد.
یەکەمین تیمی فریاگوزاری گەیشتە باکوری کوردستان و لەوێ 15 رۆژ مانەوە. زۆرترین هاووڵاتیی باکووری کوردستان لەلایەن تیمی فریاگوزاری هەرێمی کوردستانەوە رزگار کراون و زۆرترین تەرمیان دەرهێنا. دڵسۆزی تیمی فریاگوزاری هەرێمی کوردستان تاکە هیوای لێقەوماوان بوو، ئەوەش ورەی دابووە تیمەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی شوباتی 2024، تەحسین ئاکرەیی، سەرۆکی تیمی فریاگوزاری هەرێمی کوردستان، راگەیاند، ئێمە یەکەمین تیم بووین کە زۆرترین تەرمی هاووڵاتییانمان دەرهێنا. تیمەکەی ئێمە وەکو تیمی وەزارەتی ناوخۆ 25 کەس بووین و تیمی وەزارەتی تەندروستیش نزیکەی70 کەس بوون، بە ئەفسەر و کارمەندەوە کارمان دەکرد.
لای خۆیەوە سەرکەوت کارەش، لە تیمی فریاگوزاری هەرێمی کوردستان، گوتی: “ئێمە بە ئەفسەر و کارمەندەوە زۆر بە وردی کارمان دەکرد. لە بەرەبەیاندا توانیمان هەردووکیان بە زیندووی دەربهێنین، ئێستا هەردووکیان باری تەندروستییان زۆر جێگیر و باشە”.
کارەساتەکە گەورە بوو، تا دەهات قوربانییەکانیش زۆرتر دەبوون. لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستان یەکەم لایەن بوو هاوکارییەکانی گەیاند. دوای باکووری کوردستان تیمی فریاگوزاری هەرێمی کوردستان گەیشتنە عەفرین، گەیشتنی تیمەکە هیوای بۆ لێقەوماوان گەڕاندەوە.