هاودەنگ فارووق
بۆ نۆیەمین جارە دادگەی بەناو فیدراڵی لەسەر سکاڵایەک لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و دوای دەخات، چونکە ئەم دادگەیە چەندان بڕیاری دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەرکردووە، هیچ پێ ناچێت نیازێکی باش لەم دواخستنانەدا هەبێت.
پێشتر سەرکردە و یاساناس و شرۆڤەکارانی کوردستان هۆشدارییان لە تێوەگلانی ئەم دادگەیە لە دەستتێوەردانی ناوخۆیی و ئەجێندای دەرەکی داوە. بە ڕوونی دیارە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی چەند لایەنێکی دیاریکراوی ناوخۆ و دەرەكی کە ڕۆژانە ئاراستەی دەکەن.
دوور نییە دادگەكە لەژێر کڵێشەی ئەم هەموو دواخستن و بێنە و بەردەیەدا مەرام و بڕیارێکی نابەجێ دژ بە قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان بدات، دواتر بڵێت: دوای نۆجار دواخستن بەشێوەیەکی ورد کارمان لەسەر دۆسییەکە کردووە، جا بڕیارەكەمان دا، بەمەیش گەمە سیاسی و حزبی و دەستتێوەردانە دەرەكییەكان هێندەی دی تۆخ دەبنەوە. ڕەنگە مەبەست لەم دواخستنە هۆکارێکی دی بێت، بیانەوێت پرس بە هەموو ئاغاو دۆستەکانیان بکەن و دڵی هەموویان لەخۆیان ڕازی بکەن و بڕیاریارە نادروستەكە دژ بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدەن!