ئاگادارییەک لە بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی هەولێرەوە”ئاگاداری پەیوەندییەکانتان بن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان”

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاگادادارییەکی بڵاو کردەوە و داوا لە هاووڵاتیان دەکات ئاگاداری پەیوەندییەکانیان بن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.

لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، ڕایگەیاندووە؛ ‎ماوەیەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (فەیسبووک) و (ئینستاگرام)، كۆمەڵێك کەسی لەیاسادەرچوو لە هەردوو ڕەگەزی پیاو و ئافرەت، كە زۆرینەیان لە نەتەوەی عەرەبن و بە شێوەی گرووپ کار دەکەن، خەڵکی چەند وڵاتێکی عەرەبیی جیاوازن و هەندێکیان نیشتەجێی شارەکانی خوارووی عێراقن، نامە دەنێرن و خۆیان دەکەنە هاوڕێی خەڵك.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بە مەبەستی ئەو گرووپە کردووە و دەڵێت؛ دوای ئەوەی خۆیان دەکەنە هاوڕێی خەڵک، سەرنجی خەڵكی ڕادەکێشن و کامیرایان بۆ دەکەنەوە و بە شێوەیەكی نەشیاو خۆیان نیشانی بەرامبەرەكانیان دەدەن، لەم رێگەیەشەوە ڤیدیۆی كەسانی قوربانی تۆمار دەکەن و دواتر هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەكان دەکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاسایشی هەولێر، ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەو گرووپە سەرەتا پێش ئەوەی قسە لەگەڵ بەرامبەرەكەیان بکەن، لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی برادەری كەسەكەن یان خزم و کەسوکارین، لە فەیسبووک یان انستگرام، خۆیان دەکەنە هاوڕێ، پاشان ئەو گرتە ڤیدۆییەی تۆماریان کردووە بۆ سەرجەم هاوڕێ و خزمەکانی قوربانییەكە رەوان دەکەن یان لە بەرامبەر بڵاو نەکردنەوەی گرتە ڤیدۆییەکان، داوای پارەی لێ دەکەن کە شێوازی پارەدانەکەش بە رێگای دراوە ئەلیکترۆنییەکان دەبێت، بۆ ئەوەی بەئاسانی ناسنامەکانیان ئاشکرا نەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داوا لە هاووڵاتیان دەکات ئاگاداری پەیوەندییەكانیان بن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و متمانە بە کەسێک نەکەن کە نازانن کێیە و بۆچی مەبەستێک پەیوەندیی پێتانەوە كردووە.

ھەواڵی زیاتر