كارزان گلی – ههولێر
لە 31ی3ی2024، توركیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، ئەم هەڵبژاردنەش بۆ ئۆپۆزسیۆنی توركیا چارەنووسسازە، چونكە تازە بە شكستێكی گەورە لە هەڵبژاردنی 14ی ئایار بەرامبەر بە ئاكەپە لێی هاتوونەتە دەرەوە، ئەگەر ئەمجارەش دووچاری شكست ببنەوە، ئیدی پایەكانی ئۆپۆزسیۆن بە تەواوی دەڕووخێت، بۆیە دەپرسین سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، لە پروپاگندەی هەڵبژاردندا دەگەڕێتەوە ناو سیاسەت؟
لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی 14ی ئایاری 2023، دەمیرتاش زۆر بە گەرمی لە زیندانەوە پروپاگندەی بۆ دەم پارتی (هەدەپەی پێشوو) دەكرد و رۆژانە سێ تا چوار پۆستی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) بڵادەكردەوە، دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆن دووچاری شكست بووەوە و دەم پارتیش 10 كورسی پەرلەمانی بە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشووتر لە دەستدا، بۆیە دەمیرتاش بڕیاریدا ئیدی دەستبەرداری سیاسەت بێت تا كاتێكی نادیار.
گومانی تێدا نییە دەمیرتاش، كارئەكتەرێكی سیاسی گرنگە لە توركیا، بەتایبەت لەناو كوردانی باكووری كوردستان. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019ش، نامەیەكی ئەو بوو بۆ كوردانی ئیستانبۆڵ، كە داوای كرد دەنگ بە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە بدەن، وای كرد ئیمامئۆغڵو ببێتە براوەی هەڵبژاردن، بۆیە غیابی ئەو لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی شارەوانییەكانی توركیا، كاریگەریی زۆری لەسەر ئەنجامی دەنگدان لە ئیستانبۆڵ دەبێت.
دەم پارتی، خاوەنی زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگدەرە لە ئیستانبۆڵ، ئەو دەنگانەش زۆر گرنگن بۆ ئیمامئۆغڵو، بەڵام باشاك دەمیرتاش، هاوسەری دەمیرتاش، مەیلی هەیە ببێتە بەربژێری دەم پارتی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ، ئەمەش هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە كە دەیانگوت، نزیكی نێوان دەمیرتاش و ئیمامئۆغڵو، دەبێتە هۆی ئەوەی دەم پارتی، دەنگ بە ئیمامئۆغڵو بدەن و بەریژێریان نەبێت.
هەرچەندە تاوەكوو ئێستا دەم پارتی، بەفەرمی راینەگەیاندوە كە بەربژێریان بۆ ئیستانبۆڵ دەبێت و باشاكیش بەربژێریانە، بەڵام كاتێك باشاك گوتی مەیلم هەیە ببمە بەربژێر، ئەمە ئیمامئۆغڵوی نیگەران كردووە.
ئیمامئۆغڵو، ئەوەندە لە دەمیرتاش و هاوسەرەكەی نزیك بوو، زۆرجار پارتی دەسەڵات ئیمامئۆغلوی وەكوو تیرۆرست دەناساند، بۆیە چاوەڕێی ئەوەی دەكرد باشاك پشتگیری بكات، بەوەی كاریگەریی لەسەر دەم پارتی هەبێت دەنگی پێ بدەن، نەك باشاك ببێتە ركابەری.
وەكوو ئەوەی چەند میدیایەكی توركیا باسی دەكەن، تەنانەت ئەگەر باشاكیش ببێتە بەربژێری دەم پارتی، دەمیرتاش پروپاگندە ناكات و نیگەرانییەكانی هەر ماوە، بەتایبەت لە دەم پارتی، چونكە وەكوو ئەوەی خۆی باسی كرد، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 14ی ئایار، دەمیرتاش داوای كردووە بیكەنە بەربژێر، بەڵام ئەوان رەتیان كردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دەم پارتی 10 كورسی پەرلەمان لە دەست بدات، چونكە ئەگەر دەمیرتاش بەربژێر بوایە، دەنگی دەم پارتی زیادی دەكرد و دەنگدەر لەبەر خۆشەویستییان بۆ دەمیرتاش، دەنگیان بە دەم پارتی دەدا.
پێشبینییەكان بۆ ئەوەن، ئیمامئۆغڵو، نامەیەك بۆ دەمیرتاش بنێرێت لە گرتووخانەی ئێدیرنە، داوای لێبكات كە داوا لە كوردانی ئیستانبۆڵ بكات، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان دەنگی پێ بدەن، بەڵام دیار نییە، ئاخۆ دەمیرتاش، داوای هاوڕێ نزیكەكەی جێبەجێ دەكات، یان بێدەنگ دەبێت و بۆ ئەم هەڵبژاردنە ناگەڕێتەوە ناو سیاسەت.
سەلاحەدین دەمیرتاش، لە 4ی 11ی 2016ەوە دەستگیر كراوە، تۆمەتی ئەوەی دراوتە پاڵ كە پاڵپشتی لە تیرۆر كردووە و هەروەها خەڵكی هانداوە بۆ تێكدانی ئاساییشی توركیا. دەمیرتاش لە 22ی حوزەیرانی 2014ەوە هاوسەرۆكی هەدەپە بوو تا 11ی 2ی 2018.
بەهۆی ئەوەی لە زیندان بوو و نەیدەتوانی كاروبارەكانی پارت بەڕێوە ببات، بۆیە لەسەر داوای خۆی، دەستبەرداری پۆستی هاوسەرۆكی بوو.