دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

سوودانی سێ رۆژ ماته‌مینی گشتی له‌سه‌رجه‌م دام و ده‌زگا حكومییه‌كان راگه‌یاند

به‌هۆی هێرشه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و كوژرانی 16 چه‌كدار و هاووڵاتی مه‌ده‌نی عێراقی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق سێ رۆژ ماته‌مینی گشتی له‌سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌ و دام و ده‌زگا حكومییه‌كان راگه‌یاند.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، سه‌رجه‌م دام و ده‌زگا حكومییه‌كان له‌لایه‌ن محه‌ممه‌د شیاع سوودانی راسپێدران، سێ رۆژ ماته‌مینی گشتی بۆ گیانی قوربانییانی هێرشه‌كه‌ی دوێنێ شه‌وی ئه‌مه‌ریكا رابگه‌یه‌ندرێت.

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، له ‌كاردانه‌وه‌ی كوشتنی سێ سه‌ربازه‌كه‌ی ئه‌مەریكا له‌ بنكه‌ی “تی-22″ـی سنووری ئوردن، ئه‌مەریكا هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی گرووپ و میلیشیاكان‌ له‌ عێراق و سووریا ده‌ستیپێكرد، تێیدا 85 پێگەی سوپای پاسداران و میلیشیاکان و چەندین کۆگای درۆن و مووشەکیش لەو دوو وڵاته‌ وێرانكران و به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك چه‌كداری میلیشیاكان و هاووڵاتییان كوژران.

هێرشه‌كانی ئه‌مجاره‌ی ئه‌مەریكا له ‌ده‌ره‌وه‌ی خاكی عێراقه‌وه‌ بوون، كه‌ ره‌نگه‌ كه‌فوكوڵی لایه‌نه‌ شیعه‌كان كه‌متر ده‌ربكه‌ون، به‌ڵام نایشارنه‌وه‌ پێشوه‌خته‌ حكومه‌تی عێراقیان له‌ هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی عێراق ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌، حكومه‌تی عێراقیش له‌ڕێگه‌ی گوته‌بێژی فه‌رمانده‌یی هێزه‌ چه‌كداره‌كان رایگه‌یاند، هێرشەکانی ئەمەریکا تێکدانی هەوڵەکانی عێراقە و راماندەکێشێت بۆ دەرئەنجامە پێشبینی نەکراوەکان، كه‌ بەجۆرێکه‌ لێکەوته‌ی کارەساتباری بۆ ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق ده‌بێت..

هێرشه‌كه‌ی ئه‌مەریكا بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گای گرووپ و میلیشیا چه‌كداره‌كان له‌ عێراق و سووریا، پێناچێت یه‌كه‌م و دوایین هێرش بێت و دڵی ئه‌مەریكا به‌و 125 مووشه‌كه‌ ئاو بخواته‌وه‌، بۆیه‌ پێشبینی ده‌كرێت زنجیره‌یه‌ك هێرشی دیكه‌ی به‌دوادابێت و دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و ئاقارێكی نادیار ببات.