دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا دەکات

وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا بانگهێشت دەکات و یاداشتێکی ناڕەزایەتیی ڕادەست دەکات.

ئەمڕۆ شەممە، 03-02-2024، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا گوتی، “وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دەستدرێژی ئەمەریکا و بە ئامانجگرتنی شوێنه سەربازی و سڤیلەکانی عێراقی، وەزارەتی دەرەوە، دەیڤد بێرکر، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا بانگهێشت دەکات”.

لەبارەی ئەوەی بۆچی ئالینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا بانگهێشت نەکراوە، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “بەهۆی ئامادەنەبوونی باڵیۆزی ئەمەریکا”، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەکە بانگهێشت کراوە.

وەکو ئەوەی ئاماژەی پێ دراوە، ئامانج لە بانگهێشتکردنی هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، “رادەستکردنی یاداشتێکی ناڕەزایەتییە بەرامبەر بە هێرشەکەی ئەمەریکا کە کە ئێوارەی دوێنێ هەینی، 02/02/2024، شوێنە سەربازی و مەدەنییەکانی ناوچەی عەکاشات و قائیمی کردە ئامانج”.

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، له ‌كاردانه‌وه‌ی كوشتنی سێ سه‌ربازه‌كه‌ی ئه‌مەریكا له‌ بنكه‌ی “تی-22″ـی سنووری ئوردن، ئه‌مەریكا هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی گرووپ و میلیشیاكان‌ له‌ عێراق و سووریا ده‌ستیپێكرد، تێیدا 85 پێگەی سوپای پاسداران و میلیشیاکان و چەندین کۆگای درۆن و مووشەکیش لەو دوو وڵاته‌ وێرانكران.

هێرشه‌كانی ئه‌مجاره‌ی ئه‌مەریكا له ‌ده‌ره‌وه‌ی خاكی عێراقه‌وه‌ بوون، كه‌ ره‌نگه‌ كه‌فوكوڵی لایه‌نه‌ شیعه‌كان كه‌متر ده‌ربكه‌ون، به‌ڵام نایشارنه‌وه‌ پێشوه‌خته‌ حكومه‌تی عێراقیان له‌ هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی عێراق ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌، حكومه‌تی عێراقیش له‌ڕێگه‌ی گوته‌بێژی فه‌رمانده‌یی هێزه‌ چه‌كداره‌كان رایگه‌یاند، هێرشەکانی ئەمەریکا تێکدانی هەوڵەکانی عێراقە و راماندەکێشێت بۆ دەرئەنجامە پێشبینی نەکراوەکان، كه‌ بەجۆرێکه‌ لێکەوته‌ی کارەساتباری بۆ ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق ده‌بێت.

هێرشه‌كه‌ی ئه‌مەریكا بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گای گرووپ و میلیشیا چه‌كداره‌كان له‌ عێراق و سووریا، پێناچێت یه‌كه‌م و دوایین هێرش بێت و دڵی ئه‌مەریكا به‌و 125 مووشه‌كه‌ ئاو بخواته‌وه‌، بۆیه‌ پێشبینی ده‌كرێت زنجیره‌یه‌ك هێرشی دیكه‌ی به‌دوادابێت و دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و ئاقارێكی نادیار ببات.